گولەبارانکردنی دووهاووڵاتی کورد لە جادەی قەسرێک سەر بە پارێزگای ورمێ

وردەکارییکی نوێ لە سەر دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی کورد کە لە دوای دەستبەسەر کردنیان لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە جادەی قەسرێک ،کەسێک بریندار کەسێکیش دەکوژرێت .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پێی بڵاوکراوەیHRKurdئەو ڕووداوە بەم شێوەیە شی دەکاتەوە :سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەمە ۲٨ی خەرمانی ساڵی ۹٥ی هەتاوی هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانوی هەبوونی هێزی یەکێک لە حیزبەکوردیەکان لە جادەی نزیک بە قەسرێک سەر بەناوچەی سۆماوبرادۆستی پارێزگای ورمێ لە دانانی بۆسەێیکدا ماشێنی هاووڵاتیکی خەڵکی گچێنی ڕادەگرن و لە دوای دابەزاندنی “ئەرکان سەعیدی و بێهزاد مەحمودنژاد”(هەردو ڕێبوارکە )پاسدارەکان پێیان دەڵێن کە بەپێی ڕاپۆرتێک کە بەدەستی ئێمە گەیشتوە چەند کەسێکی چەکداری یەکێک لە حیزبەکان لە گەڵ ئێوە دوونەفەردا  لە نێو ئەم ماشێنەدا بوون و هەر بەم بیانوەوە ئەو دەکەسە دەخەنەبەر لێپێچینەوە و لێپرسینەوە و دەڵێن دەبێت شوێنی  خۆشاردنەوەی ئەو چەکدارانەمان پێی بڵێن . بەڵام لە کاتی لێپرسینەوەکەدا کە ئەو دوو کەسە دەڵێن کەسمان نەدیوە  لە پڕ یەکێک لە پاسدارەکان لە مەودای چەن میتریەوە هەردوو هاووڵاتیەکە دەداتە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا ئەرکان سەعیدی دەکوژێت و بێهزاد مەحموودنژادیش پشتی وەبەر گولەدەکەوێت و دەستبەسەری دەکەن .

تەرمی ئەرکان سەعیدی تا درەنگانی شەو دەدرێتەوە بنەماڵەکەی ولە کەشو هەواێکی زۆر ئەمنیەتیدا لە زێدەکەی ئەسپەردە کرا. ئەو سەرچاوەی چارەنوسی بێزاد مەحموودنژاد ئاوا دەگێڕتەوە :لە دوای دەستبەسەرکردنی بێزاد بەهۆی قووڵ بوونی برینەکەیەوە بە ماوەی شەش ڕۆژ لە نەخۆشخانەی عارفیان  کە سەربەسپای پاسدارانە  چارەسەری بۆدەکرێت و لە دوای ئەوە بۆ زیندانی ئەمنیەتی سپا دەگوێزرێتەوە .

ئەم هاووڵاتییە بەماوەی یەک مانگ و نیو لە دوای دەستبەسەر کردن بە تۆمەتی محاربە (دژایەتی لەگەڵ خودا) و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبەکوردیەکان  لێپرسینەوەی لێدەکەن و ڕۆژی ۱۷ خەزەڵوەر دەنێردرێتەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ .

شایانی باسە ئەم زیندانە سیاسیەی کورد ئێستا لە بەندی ۳ و ٤ ی زیندانی ناوەندی ورمێدایە و لە بەندی زیندانیان  تۆمەتبار بە مادەهۆشبەرەکانەوە  ڕاگیراوە و دۆسیەکەی بە تۆمەتی محاربە لە لایەن لقی ٦ی لێپرسینەوە ، لە بەدوادا چوندایە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان