هەیبەت (هێدی) کامەرانی پوور، ڕۆژنامەوان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ماوەی سێ ساڵ و نیو لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشمەرگە بووە و وەک کادری ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە کاری کردووە و پاشان بە مەبەستی وەرگرتنی پەنابەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کردووە .
کامەرانی پوور، خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ٥ی نۆڤامبری ٢٠١٥ گەیشتۆتە وڵاتی ئاڵمان و داوای پەنابەری لەو وڵاتە کردووە.
بە گوێرەی قسەکانی کامەرانی پوور لە ماوەیەکی یەکجار کەم و کورت و بە کوت و پڕی لە دوو رێکەوتی ٣ و ١٧ی دیسامبری ٢٠١٥، دوو ئینترڤیو (چاوپێکەوتنی)ی پەنابەری لەگەڵ کراوە و ئێستاش وڵامی نەرێنی (نیگاتیڤ)ی بۆ هاتووە.
لەو نامەیەدا کە لە لایەن فەرمانگەی پەنابەریی ئاڵمانەوە بۆ کامەرانی پوور هاتووە نووسراوە کە تەنیا یەک حەوتوو کاتی هەیە سکاڵا و ناڕەزایەتی خۆی تۆمار بکات و لە هەمان کاتیشدا پێویستە بە زووترین کات بەڵگە و ناسنامەکانی ناسێنەری کەسایەتی خۆی ڕادەست بکات تا بە گوێرەی ناسنامەکەی ڕادەستی ئەو وڵاتە بکرێت کە لێی لە دایک بووە.
لەو نامەیەی دەوڵەتی ئاڵمان بۆ کامەرانی پوور هەروەها نووسراوە کە پۆلیسی ئاڵمان هەر کات و تەنانەت ئەو کاتە کە ناوبراو لە خەویشدایە هەڵبکوتنە سەری و دەست بەسەر و ڕەوانەی ئێرانی بکەنەوە.
شایانی ئاماژەیە کە بە هۆی ئەوەی کە کامەرانی پوور کادری ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە هەمان کاتدا لە دوای چوون بۆ وڵاتی ئاڵمانیش چالاکییە سیاسییەکانی خۆی بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەلا نەناون و بەردەوامە و یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی هەواڵدەریی ژینگەپارێزی (ژینگەوان)ـە، ڕادەست کردنەوەی ناوبراو بەواتای کەوتنە مەترسی ژیانی ناوبراوە.
ڕادەست کردنەوەی چالاکانی سیاسی تا ڕادەیەک لە وڵاتانی ئوروپایی بۆتە نەریت و هەر ساڵ ئەو مەترسییە لەسەر یەک دوو کەس سەرهەڵدەدات.
هێدی کامرانی پوور، نزیکەی چوار ساڵ پێش بە هۆکاری ئەمنیەتیی بەناچار زێدی خۆی بەجێهێشتبوو و پێوەست بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتەوە بوو.