بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ۱۸ی خەزەڵوەر کرێکارێکی کارەباچی لەبنکەی گشتی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لەسنە بەتەقەی ڕاستەوخۆی یەکێک لە گرووبانەکان لەو شوێنە کوژرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە دوو کریکاری کارەباچی سەرقاڵی دامەزرانی کامێرای (مداربستە) لەبنکەی گشتی وفەرماندەیی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسنە بوون کە لەگەڵ گروبانێک کەئەرکی سەربازی تێدەپەڕاند، درگای قسەوباس دەکەنەوە وگوایە قسەوباسەکان بەئاراستەیەکدا دەچن کە گرووبانەکە دەمانچەی لێ ڕادەۆێشێ وتەقەی لێدەکات کەیەکێک لەکرێکاران بەناوی عەزیز یووسفی کۆڕی جەلیل فیشەکی بەردەکەوێ وهەرلەو شوێنە گیان دەسپێرێ وپاشان تەرمەکەی دەگوازنەوە بۆ پزیشکی یاسایی.
بەگوێرەی هەواڵەکە پاش کوژرانی ئەم کرێکارە کوردە فەرماندەی کەلانتەری لەوشوێنە ئامادە دەبێ وفەرمان دەردەکا کە گرووبانەکە بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی قودس (تایبەت بە تووشبووانی نەخۆشی دەروونی).
یەکێک لەشایەتحاڵانی ئامادەبوو لەشوێنەکە بەكۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کوتی ئەو گرووبانەی کەتەقەکەی کردهیچ چەشنە نیشانەیەک لەبرینداری یان خەمۆکی پێوە دیار نەبوو ومن نازانم ئامانج لەگواستنەوەی بۆنەخۆشخانەی دەروونی چی بوو.
عەزیز یوسفی دانیشتووی گەڕەکی حاجی ئاوای سنە، خێزاندار وخاوەنی مناڵێکی ساوایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


