باوکێک کچە ۱۳ ساڵانەکەی لە سەرشەقامێکدا دەخنکێنێ

بەپێی ئەو هەواڵەی کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە: لە بەرەبەری ئاوایی خەوتنی (کاتژمێر ۱۱) یەکشەمە ۲٥ ڕەزبەردا لە شاری بروجرد سەر بەپارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوکێک کچە ۱۳ ساڵانەکەی لە سەر شەقامێکدا دەکوژێت.

هەر بەو پێییە فەرماندەی هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی لە بروجرد لە گەڵ پشت ڕاستکردنەوەی هەواڵەکە؛ ڕایگەیاند کە ئەو پیاوە پێشینەی شەڕ و شۆڕ و دۆسییەی جەزایی هەبوە و لە دوای تۆڕەبوون و کێشەێکی بنەماڵەیی، کچەکەی سواری ماتۆڕێک دەکات و دەیباتە سەر شەقام و دەکوژێت، کە دواتر زۆر لە کوشتنی منداڵەکەی پەژیوان دەبێتەوە و دوای ئەوەی خۆی ڕادەستی دادگای بروجرد دەکات و بە لێپرساو کە دەڵێت؛ هیچ مەبەستی کوشتنی کچەکەی نەبوە و ویستویەتی تۆزێک چاوترسێنی بکات و لەچکەکەی بەو مەبەستە لە ملی ئاڵاندوە.

لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە کە باوک و باپیرە و پشتی باوکی لە هەموو بابەتێکدا مافی سەرپەرەستییان بەسەر منداڵەوە هەیە.

لە ڕاستیدا باوک مافی بڕیاردانی بەسەر ماڵباتی خۆیدا هەیەوە خۆی بە خاوەنی گیان و جەستەی تاکە تاکی بنەماڵە دەزانێت بەتایبەت ژن وکچە کانیان.

ژن بەشێک لە مڵک و ماڵی پیاو دێتە ئەژمار و پیاو قسەی ئەوەڵ و ئاخری دەکات و بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی لە هێزی قۆڵ و باسک و یاسای داسەپاو بە سەر کۆمەڵگا لە پێناوی جێبەجێکردنی بڕیارەکانیداو سەپاندنی فەرمانەکانیدا بە خراپە کەڵکی لێوەردەگرێت. هەرلەو بواردا باوک سالاری کە بەشێکە لە نێر سالاری زۆر بە ئەرێنی لە لایەن یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت.

کۆمەڵگای پیاو سالاری ئێران و سیستمی سیاسی زاڵ بە سەر یاساکانی دژە ژن و ورد کردنی ژنان ئیزن بە پیاوان دەدات کە بە خواست و ئارەزووی خۆیان لە سەرکوت کردنی ژنان سڵ نەکەنەوە و هێزە ئینتزامیەکان و پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەو یاسایانەی کە دژی ئازاردان و تندو تیژی لە سەر ژنانە وەلا دەنێن و لاێیکی ترەوە بیرو باوەڕی مەزهەبی و داب و دەستور ژنان فێرە پەیڕەوی کردن لە فەرمانی پیاوان دەکات و لادان لە فەرمانەکانی پیاوانە بەدژی خودا و پێغەمبەر دەزانێت و ئەم بیرو بۆچوون و کردەوە توند و تیژییانە پەرە پێدەدات و ژن بە کەرەستەی ڕابواردن و خۆشی لە هەموو بوارەکاندا، بۆ پیاو دەزانێت و ژن دەبێت بە بێدەنگی و گوێڕایەڵی هەڵسووڕاو بێت و لەژێر فەرمانی پیاودا بێت.

ئیستاش لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هۆی هەڵاواردنی حکومەتی و دۆخی نالەباری ئابووری و دوا پێشهاتەکانی و لە لاێیکی ترەوە پەرەسەندنی پڕوو پاگەندای مەزهەبی لە پەیوەندی لە بواری بنەماڵە و پەرەپێدانی کلتوری پڕ هەڵەی باوک سالاری لە ژێر ناوی بەرگری لە شەرەف و ئابڕوی بنەماڵە و سازدانی پانتاییک بە دژی ژن دروست کراوە و لەهەوڵدان بۆ ڕاگرتن و بەرگری کردن لە پەروەردەێیک کە ڕۆحی بیرو ڕای ئازاد لە بنەماڵەکاندا گەشە نەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان