بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان «مەنیژە فاتحی» خوێندکاری ۲۲ ساڵ تەمەنی کورد خەڵکی بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەڕەشەمەی ساڵی پارەوە بەتۆمەتی «پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، ئەوڕۆ دوشەممۆ ۲٦ی ڕەزبەری ۹٥ پاش تێپەڕاندنی ۷ مانگ ڕاگرتنی لەژوورە تاکە کەسییەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد و ورمێ، دەرەنجام لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد لە لایەن دادوەر جەوادی کیا بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد ریاڵی، بەشێوەی کاتی تابەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرا.
ههروهها بەگوێرەی هەواڵەکان ئەوڕۆ سەحەر فەیزی کچە خوێندکاری کورد خەڵکی شاری سەقز پاش چوارمانگ تێپەڕین بەسەر دەستبەسەرکردنیدا بە بارمتەی دوو میلیارد ریاڵ بەشێوەی کاتی ئازادکرا.
ناوبراو ڕۆژی ۲۳ ی پووشپەڕی ئەوساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی بەشداری لەناڕەزایی دەربڕینەکانی کوردستان وهاریکاری حیزب دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکرابوو.
جێی ئاماژەیە سەرەڕای هەموو پێشێلکارییەکانی وەکوو سەرکوت و زەبروزەنگ و پەلامارو دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی ومەدەنی وخوێندکاری، کۆماری ئیسلامی دەست دەداتە پێشێلکارییەکی دیکەی وەکوو وەرگرتنی «بارمتە» لەبنەماڵەی کەسی دەستبەسەرکراو وئازاد کردنێکی کاتی بۆئەوەی بڵێ ئازادکردنیش بۆکەسی تاوانبار وسەرپێچیکار لە دەزگای قەزایی ئێمەدا هەیە «شهڕێ نهرم له گهڵ چالاكوانانی سیاسی و مدنی و…»
هەڵبەت پاش ئەوەی هەموو ئامانجەکانی لە سەرکوتکردن وتۆقاندن وئەشکەنجە ودانپێدانانی زۆرەملە پێکا، بۆئەوەی تیشکی مێدیا وچاودێرانی مافی مرۆڤی لەسەرخۆی لاببات وپاشان بە چەشنێک کەس وبنەماڵەی گیراویش منەتبار بکات وبتوانێ تەشەنە بکاتە نێو زەین ودەروونی بنەماڵەکانیانەوە وگوشارەکە لەسەر تاک بگوازێتەوە بۆ کۆی بنەماڵە وتەنانەت کۆمەڵگایش دەست دەداتە دیاردەیەکی قیزەون تری وەکوو بارمتە وەرگرتن.
واتە هەموو هەڵوێست ومافەکانی گەل لەبریتی بارمتەیەکی دیاریکراو مامەڵە پێ دەکات وکەسی ناوبراو چەشنی گۆشتی دەم تەڵە دەخاتە بازار وگۆڕەپانی بازرگانییەوە و پەردەیش بەسەر هەموو جینایەتە هۆڤانە ودژە مرۆییەکانی خۆیدا دەکێشێ ودواتریش سەرەڕای ڕوخاندن وکپ کردنی کەسی بەرهەڵستکار لەڕێی ئەو بارمتەیەوە کە هەموو ماڵ وحاڵ وسامانی بنەماڵەکەیە، ئاژاوە ودووبەرەکی وماڵوێرانی پێشکەشی بنەماڵ وتەنانەت کۆمەڵگایش دەکات.
بەچەشنێک بنەماڵەی لیقەوماو پێیەکیان لەدادگا وبەدواداچوون بکەن بۆ ماڵەکەیان و ڕووی ڕاستەقینەی مژارەکە لەتەمو مژی گەردەلوولی خوڵقێنراوی حکوومەت ون ببێ و دواتریش کەسی بەناو تاوانبار ڕاپێچی بەندیخانە دەکرێتەوە وبارمتەکەیش وەکوو خۆی هەرلەدەستی دادگادایە وهەرحوکمێکیک یان مەنفا وبڕیاردانێکی نامرۆیانەتری بۆببڕدرێتەوە بەپێی ئەوەی بنەماڵەکەیشی پێبەست کراون، ناچارە بێدەنگی هەڵبژێرێ، یان خۆ کەسی ناڕەزامەند گەربیەوێ نەچێتەوە زیندان و ووڵات ونیشتمانی خۆی چۆڵ بکات، ئەوگوشارە لەسەربنەماڵەکەی چەندد قات دەبێتەوە ولەکۆتایشدا دەست بەسەر بارمتەکەدا دەگیردرێ.
جگە لەوەی کەسێکی بەرهەڵستکاری لەزێدی خۆی وەدەر ناوە، پارەیەکی بەرچاویشی چنگ کەوتووە و کۆمەڵگایش ئەوەندی دیکە چاوترسێن کردووە وبەو ئاژاوە ودووبەرەکی وماڵوێرانییەی کە لەنێو بنەماڵدا چاندویەتی، کەسی بەرهەڵستکاری بێ نرخ وهۆکاری چارەڕەشی دەرخستووە وبەدیلێکی بەرچاوی نیشانی کۆمەڵگاداوە، کە ئەوانەی دژبەئێمە دەوەستنەوە هەرئەوانە هۆکاری چارەڕەشی وقەیرانی کۆمەڵگان. کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا یەکەم دەسەڵاتێکە لەم ڕێگەیەوە بنکۆڵی دژبەرانی خۆی دەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان