زەینەب سەکاوەند لەپای سێدارەدایە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەرپرسانی زیندانی ورمێ بەتەمان حوکمی ئێعدامی زەینەب سەکاوەند جێبەجێ بکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە حوکمی خاتوو زەینەبی سەکاوەند کەبەهۆی دوگیان(سک پڕ)بوونییەوە دوا خرابوو بڕیارە لەڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.

زەینەب سەکاوەند ۲۲ساڵی تەمەنە  بەتۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی لەتەمەنی ۱۷ساڵان دا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا.ناوبراو پاش پێک هێنانی ژیانی خاووخێزی لەزینداندا سکی پڕ بوو وهەرئەم سکپڕبوونەی بووە هۆی ئەوەی کە جێبەجێ کردنی حوکمەکەی خرایە پاش  لەدایک بوونی مناڵەکەی.

زەینەب سەکاوەند لەبنەماڵەیەکی کەم داهات وهەژار لەڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵهێناو و ولەتەمەنی ۱٥ساڵان لەگەڵ یەکەم هاوسەریدا هاوسەرگیری کرد.ناوبراو لەهەمبەر هاوسەرگیری خۆیەوە وتوویەتی؛هەرچەندد ئەم هاوسەرگیرییەی بەتەنیا چانسی خۆی زانیووە،بەڵام ماوەیەکی کورت پاش هاوسەرگیرییەکەی ،هاوسەرەکەی بەردەوام لێی داوە وجنێوو سوکایەتی پێ کردووە.

سکاڵاکانی زەینەب سەکاوەند دژبە هاوسەرەکەی لەکن پولیس بێ ئەنجام بووە وهاوسەرەکەی بەردەوام لەگەڵ داواکاری ئەو لەمەڕ تەڵاق(جیابوونەوە) دژایەتی کردووە.خاتوو سەکاوەند کاتێک ویستویەتی بگەڕێتەوە بۆناو بنەماڵەکەی ،باب ودایکیشی لە وەرگرتنەوەی خۆیان بواردووە.

زەینەب سەکاوەند لەکاتی مردنی هاوسەرەکەی تەنیا ۱۷ساڵ تەمەنی بووە. ناوبراوکوتی پاش لێدانەکانی پولیسی ورمێ بەرپرسایەتی کوشتنی هاوسەرەکەی لەئەستۆ گرتووە. ناوبراو هۆکاری کوشتنی هاوسەرەکەی خستۆتە ئەستۆی برای هاوژینەکەی. ولەدرێژەدا دەڵێ بەردەوام لەلایەن برای هاوسەرەکەیەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر.،هەروەها کوتی کە برای هاوژینەکەی بەڵێنی پێ داوە کە ئەگەر بەرپرسایەتی کوشتنی مێردەکەی بگرێتە ئەستۆ لێی خۆش دەبێ ولە قەرەوەی(قصاص)ی خۆدەبوێرێ.

جێی بیرهێنانەوەیە هەرلەم پێوەندییەدا ڕێخراوی لێ بووردەیی نێونەتەوەیی لەهەمبەر ئێعدام کردنی دەسبەجێی زەینەب سەکاوەند  لەئێراندا دڵگرانی خۆی دەربڕیوە و داوای لەبەرپرسانی ئێران کردووە دەست ڕاگرن لە ئێعدام کردنی ناوبراو.

کۆمڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: