مەحکوم بوونی تورکیا لە دۆزی داخستنی DTP

ئەمڕۆ دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەبارەت بە دۆزی داخستنی DTP و سەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریی ئەحمەد تورک و ئایسەل توغڵوک، هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە لە لایەن دەزگای دادی تورکیاوە، بڕیاری خۆی دەرکرد و تورکیای مەحکووم کرد.

بەپێی بڕیارەکە؛ تورکیا دوو خاڵی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئازادیی چالاکیی سیاسی و مافی هەڵبژاردنی ئازادی پێشێل کردووە.

لە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپادا، DTP بە “لایەنی سیاسیی بنەڕەتی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد” ناوی هاتووە و لەم سۆنگەیەشەوە پێیوایە؛ تورکیا بۆی نیە مافی ئازادیی کار و چالاکیی رێکخستنی لەو حیزبە بستێنێتەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکە؛ پێویستە تورکیا وەک سزا، بڕی ٣٠ هەزار یۆرۆ قەرەبووی ئایسەڵ توغڵوک و بڕی ٧ هەزار و ٥٠٠ یۆرۆش قەرەبووی ئەحمەد تورک بکاتەوە و جگە لەمە، تێچووی کاروباری دادگە و پارێزەری هاوسەرۆکەکانی ئەو پارتەش بداتەوە.

DTP چۆن داخرا؟

١٦ی نۆڤەمبری ساڵی ٢٠٠٧ بە تۆمەتی “پشتیوانی لە پەکەکە” دۆزێکی یاسایی لە دادگەی دەستووری تورکیا دژی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرابوویەوە و داوا کرابوو، قەدەغەی سیاسەت بخرێتە سەر ٢٢١ سیاسەتوانی ئەو پارتە.

دادگەی دەستووری تورکیا، رۆژی ١١ی دێسەمبری ٢٠٠٩ لە سەر بنەمای هەمان سکاڵا و دۆزی یاسایی، بڕیاری داخستنی DTPی دا و بۆ ماوەی ٥ ساڵیش قەدەغەی کار و چالاکیی سیاسی خستە سەر ٣٧ ئەندام و سەرکردەی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

ئەو ٣٧ کەسەی سزا درابوون، کێ بوون؟

ئەحمەد تورک، ئایسەل توغڵوک، ئۆرهان میرئۆغڵو، نورەدین دەمیرتاش، نەژدەت ئاتاڵای، سەلیم سادق، لەیلا زانا، عەبدولقادر فڕات، عەبدوڵڵا ئیسناچ، ئەحمەد ئای، ئەحمەد ئەرتاک، سەدات یورتاش، مستەفا توچ، عەلی بۆزان، ئایهان ئایاز، مووسا فاریس ئۆغوڵڵاری، ئایدن بوداق، موراد تاش، ئایهان قەرەبوڵوت، حیلمی ئایدۆغان، بەدری فڕات، موراد ئاڤجی، جەمیل کوهاک، دەنیز یەشیل یورت، فەرحان تورک، مەتین تەکچە، محەممەد وەیسی دیلەکچی، کەماڵ ئاکتاش، عیززەت بەلگە، ئیبراهیم سونگور، محەممەد ساڵح ساغڵەم، حوسێن کاڵکان، خەدیجە ئادیبەللی، حوسێن بەکتاش ئۆغڵو، خالید قەهرەمان، حاجی ئوزەن، فەتاح داداش.

لە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی رۆژ وەرگیراوە