ئێعدام کردنی کوردێک لە بەندیخانەی «تەبەس»

جێبەجێ کردنی ئێعدامی بۆ کوردێک لە زیندانی تەبەس

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە وتەی «KHRN» سزای ئێعدامی زیندانی «عەلی غەیور» خەڵکی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بە تۆمەتی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانی تەبەسدا ڕاگیرابوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکان، سزای ئێعدامی ئەم زیندانییە هێشتا لە لایەن ڕاگەیاندنی فەرمی و پەیوەندییە گشتییەکانی سیستمی دادوەری ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

بە پێی وتەی ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران، ئێستا چوارهەزارو پانسەد کەس کە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە چارەنوسیان نادیارە.

لە ساڵی ڕابردوودا ۹۶۶ کەس لە ئێراندا ئێعدام کراون کە ئەم ژمارەیە بەرزترین ئاستی ئێعدام بوە لە بیست ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە مەڕ مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا، ژمارەی ئێعدامکراوەکان لە ۹۱ کەسەوە لە ساڵی ۲۰۰۵ دا بە ۹۶۶ کەس لە ساڵی ۲۰۱۵ دا هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە، نیوەی لەو ئێعدامیانە لە پەیوەندی بە مادە هۆشبەرەکانەوە ئێعدامکراون. هەندێک لە وانە هێشتا بە تەمەنی یاسایی ۱۸ ساڵان نەگەیشتوون کە سزای ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

پێویستە بە بیری بێنینەوە بە پێی ڕاپۆرتی مانگانەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا ۳۴ هاووڵاتی کورد لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ئێعدام کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان