سپای پاسداران بەو هاوڵاتیانەی لە شاری ڕوانسەر بەشداری لە ڕێپێوان دەکەن کەلوپەلی نێوماڵ پێشکەش دەکات

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ڕوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوڵاتیانی ڕاگەیاندووە گەر لە گەڵ بنەماڵەکانتاندا بەشداری لە ڕێپێوانی بەرزڕاگرتنی بەرگری پیرۆز (دفاع مقدس) بکەن کەرەستەی نێوماڵ ومادەی خۆراکییان پێشکەش دەکات.

هەرلەم پێوەندییەدا یەکێک لە هاوڵاتیانی ڕوانسەر کوتی: جاردانی شتگەلێکی وەکوو پێشکەش کردنی کەرەستەی نێوماڵ وهێنانەئارا و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ئەوانەی کە بەشداری لە ڕێپێوان دەکەن و هەروەها لە ژێرچاوەدێری دانانی ئەوانەی کە بەشداری ناکەن بڵاو کردۆتەوە.

هەروەها کوتی ئەم لەقاو و جاڕدانە لە لایەن بەرپرسانی حکوومییەوە لە نێو خەڵکدا بڵاو بویەتەوە.

هاوڵاتییەکی دیکە کوتی: لەتەنیشتی ڕێگەکان کارتۆنی کەرەستەی نێوماڵ وکێک وساندیس لە شاردا بە زۆری دەدیترێ، وادەردەکەوێ ئەو پڕوپاگەندانە ڕاست بن.

کەڵک نابەجێیی پڕوپاگەندەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وبڵاوکردنەوە ئەوانە لە تلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکان یەکێکی دی لە سیاسەتە پۆپۆلیستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەم دواییانەدا خێراییەکی پتری بەخۆوە دیتووە.

ماوەی بەرێ ماڵپەڕی سەربە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ورمێ نوسیبووی کە تێچووی خوێندنی چەندد بنەماڵەیەکی هەژاری لە ئەستۆ گرتووەو ئەمەیشی چەشنی پڕوپاگەندەیەکی پۆزەتیڤ بۆ سپای پاسداران لە زۆرینەی ماڵپەڕە فەرمی و ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردۆتەوە.

بەم پرسانە ودەستێوەردانەکانی هەموو لایەنەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەموو بوارەکان لە جوگرافیای سیاسی ئێران و نیشان و نمایش کردنی خەڵکی هەژار و دەست نەڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی یارمەتی خەڵکی چەوساوە وهەژار، ئەم دامەزراوەی مافیاییە دەیهەوێ پێگە و هێمۆژینێکی نوێ بۆخۆی لەم بەستێنەدا مسۆگەر بکات.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: