کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: نێزیک بە ملوێن ونیوێک منداڵ بەیەکەم جار لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پێ دەنێنە قوتابخانەکانەوە ولەم ڕێژەیە نێزیک بە ٦۰ بۆ ۷۰ لەسەتی ئەم منداڵانە لەمەبەدوا، بەزۆرەملە فێری زمانێک دەبن کەزمانی دایکییان نییە ولەگەڵ ئەم زمانەیشدا بەنیسبەت زمانی دایکییانەوە کەمترین ناسیاویان هەیە.
ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریئێران نوسیویەتی کە لانیکەم حەوت ملوێن ونیو قوتابی قۆناغی سەرەتایی دەچنە پێشوازی ساڵی نوێی خوێندنی ۹۵-۹۶ وە وبەپێی ئەم ئامارە دەتوانی مەزەندەی بکەی کە نێزیک بە یەک ملوێن ونیو لەم قوتابیانە بەیەکەم جار پێ دەنێنە خوێندنگاوە.
هەروەها مەزەندە دەکرێت کەپترلە سێ لەچواری ئەم قوتابیانە واتە ئەم یەک ملوێن ونیوەی کەبۆ یەکەمجار دەچنە خوێندنگاوە لەنەتەوەکانی نافارسن وئەمانە ناچارن بەزمانێ جگە لەزمانی دایکیان پەروەردە ببینن.
بەپێی ڕاپۆرتی توێژینەوەکانی پەڕلەمانی شۆرای ئیسلامی ئێران لەماوەی ٦ساڵی ڕابردوو نێزیک بە ٥ملوێن کەس لەم قوتابییانە ڕەت (دەرنەچوون) بوونەتەوەو کارناسانیش لەسەر ئەم مژارە جەخت دەکەنەوە کە زێدەترین دەرنەچووان لەناوچەگەلێک لەئێران دەکەونەوە کەزمانی دایکی وان زمانێکی جگە لەفارسی بووە.
مافی پەروەردە بەزمانی دایکی مافێکی مرۆڤانە یە کەلە بەڵگەنامە وگرێبەستەکانی مافی مرۆڤی بۆوێنە جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی، جاڕنامەی زمانی دایکی، ڕاگەیاندراوی مافی تاکەکانی سەربە کەمینە نەتەوەیی، زمانی، کونڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان، بە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی وسیاسییەکان و…جەختی لەسەرکروەتەوە.
هەروەها بەپێی مانیفستۆی یونسکۆ دەوڵەتەکان ئەرکیانە کە ئەم میرات بەنرخە بپارێزن.
بەڵام ئەم مافە سرووشتی ومرۆڤانەیە لەیاسای کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەتەواوەتی ڕەوایەتی پێ نەدراوە وتەنیا لەبنەجەی یازدەهەمی یاسای بنەڕەتیدا، بەچەشنی نهێنی باس لەخوێندن بەزمانیدایکی لەقوتابخانەکان لەتەنیشت زمانی فارسی کراوە.
پرس و خواستی خوێندن بەزمانی دایکی پیشینەیەکی دوورو درێژی هەیە ودەگەڕێتەوە بۆسەردەمی پاشایەتی ڕەزاشا؛ بەڵام لەئێراندا بەردەوام لەگەڵ خواستی مرۆڤانە ودیمۆکڕاتیکی نەتەوە بن دەست وحاشالێکراوەکان دژایەتی کراوە.
ڕەزاشا کە مودێڕن کردنی ئێرانی لەسەر بنەمای پەڕگاری ۲٥۰۰ ساڵەی پاشایەتی بەئەرکی خۆی دەزانی،
ناسیۆناڵیزمی فارسی، ئێرانی کردبە ئایدۆلۆژیای فەرمی خۆی کەلەودا تەنیازمان وکلتووری فارسی مافی یاسایی وخۆسەپاندنی هەبوو.
لەلایەکی دیکەوە زمانی دایکی بەشێکی بچووک لەشوناسی کلتووری هەر نەتەوەیەک دێتە ئەژمار. دەروون ناسانی منداڵان هەرهەموویان جەخت لەسەر ئەم مژارە دەکەنەوە کە منداڵان سەرەتا بەزمانی دایکی خۆیان هەستیان دەردەبڕن وهەربەزمانی دایکیش یەکەم ناسینیان لەخۆ وئاقاڕی تەنیشتیان مسۆگەر دەکەن. ڕەوتی فێربوونی زمانی دایکی لەسەرەتای لەدایک بوونی منداڵەوە دەست پێدەکات ولەماوەی ئەم پڕۆسەیەدا، توخمەکانی شوناسی تاک بێچم دەگرنو وای لێدەکەن لەکۆمەڵگای خۆیدا، ڕۆڵی خۆی بنرخێنێ. ئاستەنگی پێکهێنان بۆمنداڵان لەم ڕەوتە سرووشتییە، توانای منداڵ بۆخۆیندن دەگرێتەوە وپێوەندییە سرووشتییەکانیان لەگەڵ ئاقاڕی دەورووبەری دەپسێنێ. زمان ڕەنگدانەوەی ئەندێشە، کلتوور، داب ونەریتی خەڵکانێک کەبەو زمانە دەئاخفێن.
هەربەم پێیە هەرچەشنە هەوڵێک لەهەمبەر ئاستەنگی دانان یان پێش گرتن لەبەکارهێنانی زمانی دایکی بەواتای هەوڵ بۆ لەناوچوونی کلتوور وئەندێشەی ئەو خەڵکەیە.
هەنووکە بێجگە لەو بابەتانەی باسمان لێکردن ناسەقامگیری ئابووری وهەڵاوسانی لەڕکێف دەرچووی ئابووری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران وەک بڵێی گوشارێکی زێدەڕۆیانەیە لەسەر هێرەمی هەڵاواردنە ساحتەیی وپوڕگاڵێکی تایبەتەبەسەر هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وزۆرینەی بنەماڵەکان لەبەر زۆری هەژاری وبێکاری داسەپاو توانی دابینکردنی کەرەستەی پێویستی قوتابییانی خۆیان نییە،
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێچووی ناونووسی ساڵانی خوێندکارێکی قۆناغێکی سەرەتایی بەشێوەی مامناوەندی نێزیک ۷۰۰ هەزار بۆ یەک ملوێن تمەن ڕاگەیەندراوە وئەم باری گرانی تێچووانە لەلایەک وبێکاری لەلایەکی ترەوە وەدەکات کە خەڵک منداڵەکانین نەنێرن بۆ فێرگە وبەواتایەکی دیکە شەپۆلێکی نوێ لەنەخویندەواری بۆسەی بۆنەتەوە نافارسەکان ناوەتەوە.
پرسیارێکی ساکار کەلەکۆتایی دا دەکەوێتە بیر وهزرەوە ئەوەیە کەئاخۆ لەبنەڕەتدا تاکەکانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران بەهاوڵاتیان ئەو وڵاتە دێنە ئەژمار یان خۆ ئەم نەتەوانە لەژێر کۆلۆنیای حکوومەت ونەتەوەی زاڵ بەسەر ئێراندان وهەوڵیان لەسڕینەوەی کلتوور وهزری ئەوانە؟
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان