یاریزانی ناوداری فوتبۆڵ، وریا غەفووری دەستبەسەر کرا

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، پاڵەوان و یاریزانی ناوداری کورد وریا غەفووری خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران توندئاژۆیانە هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەم یاریزانە جیهانە و دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایان گواستووە.

شیاوی باسە کە، وریا غەفووری پێشتر کاپیتانی تیمی فوتبۆڵی ئیستیقلالی تاران بوو و هەنووکە لە تیمی فوولادی خووزستان یاری دەکات.

جێی سەرنجە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وریا غەفووری ــیان بەتۆمەتی سووکایەتی و ڕەشکردنی تیمی نەتەوەیی فوتبۆڵی ئێران و پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات دەستبەسەر کردووە.

وریا غەفووری لەو یاریزان و سلیبریتییە دەگمەنانەیە کە هەردەم ڕووی لە خەڵک و پشتی لە دەسەڵات بووە و دژ بە هەر نادادپەروەری و پێشێلکارییەکی دەسەڵاتی توتالیتەری ئێران هەڵوێستی گرتووە و هەر ئەوە وای کردووە کەوتۆتە بەر ڕق و نەفرەتی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری ئێران و لەم زەمەنەدا کە دەستبەسەری و کوشتن و ڕاوەدوونان بووە بە ئەرکی ڕۆژانەی حکوومەتی تۆقێنەری ئێران وەکوو دەرفەتێک پەلاماریان داوە و ڕاپێچی زیندانیان کردووە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *