پیلانی حكومه‌تی ئێران بۆ له‌ ناوچوونی ناوه‌ كوردیه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

بە گوێرەی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی که به کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان گه یشتووه: ماوەیەکە ناوی ئازەری لە شارەکانی هەرێمی ورمێ  ڕوو لە زیاد بوونە و هەندێ شوێن بە ناوی ئازەری لەو هەرێمە کراونەتەوە. ئەو حالەتە لە شاری نەغەدە زۆر بەرچاوی و بەشێوازێکی پلاندارێژراو ئەنجام دەدرێت.

یەکێک لە شوێنەکان نانەواخانەیەکە بە ناوی “ئازەربایجان” کە لە فەلەکەی ئەسغەریی ئەو باژێڕە کراوەتەوە.

هه‌روه‌ها یەکێک لە شوێنەکانی تر دوکانێکە بە ناوی “سوڵدوز” کە لە فەلەکەی مامۆستا ماملێ لە مەیدانی ئیستقلال و لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو داندراوە.

دانانی دوکان و شوێن بە ناوی تورکیی واتادار و بەمەبەست، لە حاڵێکدایە کە دانانی دوکانێک بە ناوی مهاباد لە باژێڕی تەورێز، ناڕەزایەتیی پان تورکەکانی لە دونیای مەجازیدا لێکەوتۆتەوە.

لە هەمان کاتدا وەک پێشتر خراوەتە بەر باس، ناوی تورکی و ئازەری لە باژێڕی نەغەدە بە شێوەیەکی یەکجار بەرچاو پەرەی سەندووە.

تا ئێستا ناوی چەندین شوێن و فەلەکە و شوێنی گەشتیاری لەو باژێڕە بە تورکی داندراون کە دەکرێ ئاماژە بەو ناوانە بکەین: “شەقامی قەرەپاپاق، مەیدانی قالاباشی، یئدی گوز، بڵواری ستارخان، پارکی قیرخ پیللە، بڵواری ئازەربایجان”.

دانانی ناوی تورکی بە زاراوەیەکی زۆر خەست و خۆڵی تورکی لە سەر باژێڕ و شوێنەکانی لە نەغەدە و ئورمیە، لە حاڵێکدایە کە تا ئێستا چەندین جار و بە شێوەیەکی بەربڵاو و بە زەخت و گوشار، ناوە کوردییەکانی سەر شوێن و تەنانەت دوکانی تاکەکەسیی کوردەکان لە ئورمیە، سڕاونەتەوە و بە خاوەنەکانیان گۆڕیون”.

هەروەها شارەوانیی نەغەدە جیا لە گۆڕینی ناوەکان و دانانی ناوی تورکی و پێشگرتن بە دانانی پەیکەری، محەممەد ئەوراز لە فەلەکەیەکی ئەو باژێڕە کوردستانییە، بە کردەوەش لە ڕاستای بەفەرمی ناساندن و خستنە سەر زاری ئەو ناوانە هەنگاو دەنێت.

دووشەممە ۱۵ی خەرمانانی ۱۳۹۵ی هەتاوی، شارەوانیی نەغەدە بەو مەبەستە و بە پشتیوانیی سپای پاسداران و بەسیج، “وێستگەی سڵامەتیان” لە مەیدانی بە ناوی قاڵاباشی داناوە کە شاری یارییەکیش هەر بەو ناوە کراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕێکلامیان بۆ کردووە و مەبەستی سەرەکیش تەنیا گەورەکردنەوەی ناوی ئەو مەیدانەیە کە ناوێکی تورکیە.

خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی مهاباد لە پەیوەندییەک ئاماژەی بەوەدا کە ماوەیەکە بە ئاشکرا و بە جوانی هەست دەکرێ کە تورکەکانی نەغەدە و ورمێ و تەنانەت میاندواویش، بە مەبەستی کڕینی زەوی و زار و خانوو و مڵک، ڕوویان لە مهاباد کردووە کە ئەگەر بێت و ئەو پلانەیان سەربگرێت ئەوا لە داهاتوودا لەو باژێڕەش دووبەرەکییەکی جێگای مەترسی دێتە ئاراوه .

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان