درێژەی دەستبەسەری هاوڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ٥ هاوڵاتی کورد لە شارەکانی ورمێ، بانە، بۆکان، مەهاباد و ڕوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بانگهێشت و دەستبەسەری و زیندانی کراندا ڕووبەڕوو بوونەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکان ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ۱۷ی خەرمانانی ۱۳۹٥ی هەتاوی هاوڵاتییەکی کورد لەشاری ورمێ بەناوی” عەلی” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەڕێی تلەفوونەوە بانگهێشت ولێپرسینەوەی لێکرا.

ناوبراو پترلە۳کاتژمێر لێپرسینەوەی گرانی لەسەرکراو وئەوتۆمەتی دراوەتە پاڵی هاوکاری کردنی حیزبە کوردییەکان بووە، بەڵام بەهۆی بەڵگەی پێویست بەشێوەی کاتی ئازادکراوە، ناوبراو خوێندکاری زانکۆی پەیام نوور وخەڵکی بەشی ناوەندی ورمێیە.

ڕێکەوتی ۱٤ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتوی بنەماڵەی “مەنیژە فاتحی”هاوڵتی کورد پاش پتر لە٦مانگ بێ سەروشوێنی.توانیان بۆماوەی ۲۰ خولەک لەگەڵی لەئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد چاوپێکەوتن بکەن.

لەڕێکەوتی ۱٥ی ڕەشەمەی ۱۳۹٤ تابە ئێستە لەدۆخی مەنیژە فاتحی ۲۲ساڵ تەمەن زانیارییەکی تەواو لەبەردەست نەبوو کەئەو کات لەلایەن هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەهۆکاری پڕوپوچ دەستبەسەرکرابوو.

بەهمەن فاتحی باوکی مەنیژە فاتحی ڕایگەیاند:تۆمەتی ناوبراو پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لەلایەن دەزگای قەزاییەوە ناوزەد کراوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی بانە بەناوی “عەلی ڕەحمانی” ۲۳ساڵ تەمەنیان بەهۆکاری پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر و گواستویانەتەوە بۆشوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممۆ ۱۰ی پوشپەڕی ساڵی ۱۳۹٥ هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری ڕوانسەر بەناوی ” شاهۆ عەبدوڵاهی” بەتۆمەتی بێڕێزی بە دەزگای قەزایی بەدووساڵ حوکمی تەعزیری وساڵێک دوورخرانەوە مەحکووم کردووە.ناوبراو گواستراوەتەوە بۆزیندانی دیزەڵ ئاوای کرماشان.شاهۆ برای زیندانی ئێعدام کراو حسێن عەبدوڵاهییە کە بەتۆمەتی کوشتنی سەلیم قەنبەری بەرپرسی پێشووی دادگای ڕوانسەر پێنج شەممۆ ڕێکەوتی ۲۱ی پووشپەڕی ۱۳۹٥ی هەتاوی بەتۆمەتی کوشتنی دادوەری پێشووی ئەم شارە لەپێش چاوی گشتی هەڵواسرا.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ۱۱ی خەرمانانی ئەمساڵ هاوڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بەناوی “سمکۆ شەریفی”کوڕی مەحیەدین لەکاتی خەودا لەلایەن ڕێدارانی ئیتلاعاتی ئەوشارەوە دەستبەسەر وبۆشوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئەم خوێندکارە ۲۲ساڵ تەمەنە کە لەبواری کامپیۆتێر دەخوێنێ لەماڵی باوکی بەبێ نواندن یان هەبوونی ئیزنی قەزایی دەستبەسەرکرا .هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بەسەر کامپیۆتێر ولۆپ تۆپ وکەلەپەلەکانی ناوبراو داگرت وبردنیان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان