کوژرانی دوو کۆڵبەر و بریندارکردنی یەکی دیکە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ۱۳ی خەرمانانی ئەمساڵ بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکۆڵبەران، لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کۆڵبەر کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەیش بەگرانی برینداربوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دووکۆڵبەر بەناوەکانی «فەیسەڵ وەفایی و داریووش فەقێ پوور» بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران وکۆڵبەرێکیش بەناوی «سەییاد میرخانپوور» بە گرانی برینداربوو.

شایانی باسە بەپێی ژمێریارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ساڵی ۱۳۹٥ تا بە ئێستە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ٦۹ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و پترلە ۳۲کۆڵبەری دیکەیش برینداربوون ئەمە لەحاڵێکدایە کەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان چەنددین جار ڕایان گەیاندووە کە تەقە کردن لە کۆڵبەران نایاساییە  و بەڵام هێزەکانی نیشتەجێ لە خاڵە سنوورییەکان بەبێ بایەخدان بە یاساکان، ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد دەکەن بەئامانج ودەیان کوژن،دیارە یاسا تەنیا بۆپاراستنی خۆیانە نەک کاسبکار وکۆڵبەرانی بێ بژیوی کورد کەتەنیا بۆ نانی ڕۆژانی خێزانەکانیان مەترسیدارترین ڕێگەیان هەڵبژاردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان