نوسینگەی مافی مرۆڤی کانتۆنی جزیرە داوای لە کۆمەڵگای جیهانی و هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کردوە بەرامبەر بە داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بێنە دەنگ و لە بارەی کۆمەڵکوژی گوندی بیر کووسا و مەخر سەرێسات لێپرسینەوە بکەن.
ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز لە هەواڵێک لەم بارەوە وا درێژە دەدات:
نوسینگەی مافی مرۆڤی کانتۆنی جزیرە، بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا لە جەرابلوس و خاکی سوریا و هەروەها کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی مەدەنی لێدوانێکی بڵاو کردەوە.
لە لێدوانەکەدا هاتووە:” پاش ئەوەی سوپای داگیرکەری تورکیا جەرابلوسی داگیر کرد، ٢٨ی ئابی ٢٠١٦ دژی خەڵکی مەدەنی ناوچەکە کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناوچەکە فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک، خەڵکی مەدەنی دوو گوندی بیر کووسا و مەخر سەرێسات یان بۆردومان کردووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا زیاتر لە ٤٠ کەس کۆمەڵکوژ کراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، دەوڵەتی تورکیاش بە بەهانەی بوونی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) ناوچەکەی بۆردومان کردووە “.
لە لێدوانەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئێمە وەک نوسینگەی مافی مرۆڤ، ئەو کۆمەڵکوژیە بەتاوانێك دژی مرۆڤایەتی بەناو دەکەین و شەرمەزاری دەکەین، دەڵێین گەلانی سوریا، بە تایبەت پێکهاتەکانی باکوری سوریا، پێویستە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان بەرخۆدانێکی بەهێز بکەین، هەروەها داوا لە کۆمەڵگای جیهانی و هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ دەکەین دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بێنە دەنگ و لە بارەی تاوانی کۆمەڵکوژی سوپای تورکیا لە سەر خەڵکی مەدەنی لێپرسینەوە بکەن.
هەر لە سەر ئەو داخوازیەوە و بۆ پشتگیری کردن لە ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە کانتۆنی جەزیرە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، وێرایی پشت راستکردنەوەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، داخوازی ئەو ناوەندەی مافی مرۆڤ پشتگیری دەکات و داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا، ناوەندەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و سەر بە یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی ئەندام لەو دو ناوەندە، هاوپەیمانانی دژ بە داعش، دەکات کە هەوڵی جدی و یاسایی خۆیان بەجێ بگەیێنن و پێش بگرن لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە رۆژئاوایی کوردستان.
هەر وەک کۆالیسیۆنی دژ بە داعش ، یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەکینەکانی پاراستنی ژن و هێزەکانی سوریایی دیموکراتی وەک تەنیا هێزی راستەقینەی دژ بە داعش و گروپە تێروریستیەکانی تر ناساندوە و تا ئێستا بە هاوکاری یەکتر، توانیویانە پێشکەوتنی بەرچاو وەدەست بێنن، پێویستە لەو هەل و مەرجە دا پشتیوانی هێزە دیموکراتیک و ئازادی خوازەکانی وەک ی پ گ، ی پ ژ و هێزەکانی سوریایی دیموکرات بن و کۆتایی بەداگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بێنن.
کۆەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان