ناڕەزایی دەربڕینی گوندەکانی عەسرئاوا،حەسەن ئاوڵە

ناڕەزایی دەربڕینی گوندەکانی عەسرئاوا،حەسەن ئاوڵە،گوێزە کوێرە و کانی کوزەڵە بەهۆی ڕژانی زبڵەکانی شاری مەریوان لەسەر ژینگەی ئەو دەڤەرە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان  دانیشتوانی گوندەکانی عەسرئاوا،حەسەن ئاوڵە،گوێزەکوێر وکانی کوزەڵە دەستیان دایە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەرانبەر بە ڕژانی زبڵی شاری مەریوان لەسەر ژینگەی ئەو دەڤەرە.

بەگوێرەی باسەکە دوێنی ۲ی خەرمانان خەڵکی ئەم گوندانە بەرانبەر بەو پێشێلکریانەی کەلەلایەن شارەوانی مەریوانەوە دەکرێ وژینگە وتەندرووستی ئەو دەڤەرە دەخاتە بن مەترسییەکی بێ چارەسەرەوە.

ئەوگوندانەی کە ناومان لێ بردن لەتەنیشتی شاری مەریوانن وبەچەشنێک تێکەڵاوی ئەوشارە بوون بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی وتەنانەت سیاسەتی قڕێژی حکوومەت پشت گوێ خراون وهەوڵی چۆڵ کردن وبەوێرانەبوونیشیان بۆ دەدرێت.

وەک دەزانرێ ئەو گوندانە دەکەونە بەشی ڕێگەی مەریوان بۆ شارەکانی سنە وسەقز وخاوەنی چۆم وڕووبار ودارستانی ڕازاوە وکوێستانییە ودەشتوانێ ببێت بەشوێنێکی گەشتیاری دەگمەن ،بەڵام حکوومەت بەگۆڕینی باری دیمۆگرافیای ناوچەکە دەستی داوەتە زیندوونەهێشتنەوەی سرووشت وژینگە ولێدانی بەنداوو وسوتاندنی دارستانەکان وکەمتەرخەمی بەرانبەر بەگەورەترین کانیاوی ئاوی شیرین واتە زرێوار وهەروەها بەزبڵدان کردنی گوند وسەیرانگاو ودەورووبەری شار،بەچەشنێکە هەوڵی داوە هەستی ژیانی ئازاد وپێشکەوتوانە وتەندرووست لەخەڵک زەوت بکات،هەربۆیە ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئیدانەی ئەو سیاسەتە بەرچاوتەنگ ودزیوەی حکوومەت دەکەین وداوامان لەچالاکانی مەدەنی وژینگەپارێزی وخەڵکی پێشکەوتنخوازی ناوچەکە ئەوەیە بەدەسپێشخەری وکارامەیی خۆیانەوە بەرپەرچی هەموو ئەو سیاسەتانە بدەنەوە کە هەوڵی لەناوچوونی سرووشت وتەندرووستی دانیشتوانی دەدات.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان‌