بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە کاسبکارێک لە سەر سنووری کێلەشین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە و لە لایەکی ترەوە لە نەوسوودی کرماشانیش کاسبکارێکی تر بەسەختی بریندار دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتەکە ڕۆژی چوارشەمە ۲۷ی گەلاوێژ کاسبکارێک بە ناوی خالیدبەنگی کوڕی مام زەینەدین خەڵکی گوندی «هێ» سەربە شارستانی شنۆ و خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سنووری کێلەشین دەکوژرێت.
لەلاێیکی ترەوە ڕۆژی سێشەمە ۲٦ی گەلاوێژی ۹٥ی هەتاوی کاسبکارێکی تر خەڵکی گوندی «تفڵی» سەربە شاری سەوڵاوا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، لە سەر سنووری ناوچەی نەوسوود سەربە پارێزگای کرماشان بە توندی بریندار دەکرێت.
ناوی ئەم کاسبکارە «ئازاد» ڕاگەیەندراوە و بەهۆی قووڵی برینەکەیەوە هەناردە نەخۆشخانەی کرماشان کراوە و لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە.
شایانی باسە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە زیاتر ملیتاریزە کردنی سنوورەکان و دەست ئاوەڵاکردنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سێڕە گرتن لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا ڕۆژانە شاهیدی بریندار بوون وکوشتنی کاسبکارانین کە بەداخەوە لەژێر ناوی ئەمنییەتی سنوورەکاندا کۆماری ئیسلامی ڕەوایی دەدات بە کوشتنی خەڵکانی برسیو بێدەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان