گوشاری ناوەندە ئەمنیەتیەكان بۆ سەر بنەماڵەی دوو چالاكی مەدەنی لە مەهاباد

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بنەماڵەی دوو چالاكی مەدەنی لە شاری مەهاباد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە كران و لێپرسینەوەیان لە گەڵ كرا.

بە پێی هەواڵێك كە بە ناوەندی هەواڵی گەیشتووە، لە ماوەی رۆژانی رابردوو دا، باب و برای پەخشان و ئاسۆ عەزیزی، دوو ئەندامی بنەماڵەیەك كە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتیەكان ناچار بە جێهێشتنی وڵات كران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بە تۆمەتی پەیوەندی لە گەڵ رۆڵەكانیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لە گەڵ كرا.

شایەنی باسە، ئەم خوشك و برایە “پەخشان و ئاسۆ عەزیزی” دوو چالاكی مەدەنین كە ناچار بەجێهێشتنی ولات كراون، پەخشان عەزیزی ساڵی ١٣٨٨ و لە كاتی ناڕەزایەتیەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری دەستبەسەر كرا و نزیك بە ١٠٠ ڕۆژ لە ژوورە تاكەكەسیەكانی زیندانی ئەوینی تاران لەژێر ئەشكەنجەدا ڕاگیرا و دواتر لە ساڵی ١٣٩٢ ناچار بە جێهێشتنی وڵات كرا.

هەروەها ئاسۆ عەزیزی چالاكی خوێندكاری و مەدەنی لە ساڵانی ۱۳۸۵ڕۆژی جیهانی ژن بۆ ماوەی ۵ مانگ و ۱۳۸۸ دوای ناڕەزایەتیەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری خوولی دەیەم بۆ ماوەی ۷ مانگ و ساڵی ۱۳۹۳بە تۆمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوارەكانی شەنگاڵ و سازدانی ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە خەڵكی كۆبانێ دەستبەسەر كرا و ماوەی یەك ساڵ لە زیندان دابوو كە ماوەیەك لەوەپێش لە ژێر گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعات ناچار بەجێهێشتنی وڵات كرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان