چوار چالاکی مەدەنی زیندانیان بەسەردا سەپێنرا

ک.م.م.ک:

شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، سێ چالاکی مەدەنی و مامۆستایەکی پێڕەوی ئاینزای سوننە بە ناونیشانی میرزا محەممەد ڕەحمانی، ئامانج قوربانی، بورهان کەمانگەر و سیروان قوربانی، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای سزاکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کامێران، هەر کامیان بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی هەڵپەسێراو، بە شێوازی لە چاوەدێریدا بوون مەحکووم کران.

بە پێی هەواڵەکە، ناوبراوان بە بۆنەی بەشدارئ لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی حەیدەر قوربانی، زیندانی سیاسیی خەڵکی کامێران کە لە کوتووپڕ و بە شاراوەیی ئێعدام کرا، و بە پێی ماددەی ٥٠٠ی سزا ئیسلامییەکان مەحکووم و حوکمە دیاریکراوەکە بە شێوەی نووسراوەیی پێیان ڕاگەیەندرا.

شیاوی باسە کە لە دادنامەی حوکمەکەدا هاتووە کە دادگا “ کوتنەوەی درووشمی بنەما شکێنانە و هەڵسووکەوتی نەشیاو وەکوو چەپڵە لێدان و لە گەڵ کۆمەڵدا شێعر خوێندنەوە”ــیان وەکوو بەڵگەی پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی گرووپە دژبەرەکانی دەسەڵات لە بەرچاو گرتووە و ئەم حوکمەی بڕیوەتەوە.

لە دەقی حوکمەکەدا بۆ هاوڵاتیانی شاری کامێران هاتووە: “ لە ماوەی زەمەنی هەڵپەسێردراوی
١. هەر کام لە تۆمەتباران بەرانبەر بە خوێندنەوەی لانیکەم کتێبێک( بەم ناونیشانە کە کتێبی تۆمەتباران لێک جیاواز بن) سەبارەت بە بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی، ئامانج و دەستکەوتەکانی و هەر وەها ئەو کۆسپ و لەندانەی کە ئینقلابی ئیسلامی لە گەڵی ڕووبەڕوویە، بخوێننەوە و وێڕای نواندنی ئەوەی لێیان کڕاندووە بە ئاماژە پێدان بە سەرچاوە لە چوارچێوەی مەقالەیەکی جیا، لە کۆتاییدا ڕای خۆیان لە چوارچێوەی ئەو تاوانەی تووشی بوون ڕابگەیەنن.
٢.هەر کام لە تۆموتباران لە ماوەی ١٠ ڕۆژ پاش دەرچوونی حوکمەکە و بە مەبەستی پەرەپێدانی کەلتووری خێر و کاری چاکە کردن لە کۆمەڵگا کە بۆ خۆی لە باشترین بەرەکەتەکان و گەورەترین عیبادەتەکانە، بەرانبەر بە کڕینی ماددەی خۆراکی یان جلوبەرگ بڕی لانیکە
دە ملوێن قەران بۆ خەڵکی هەژار و دەسنەڕۆی شاری کامێران و دابەش کردنی لە ڕێی ڕێکەوتن لە گەڵ ئیدارەی بێهزیستی ئەم شارە جێبەجێ بکەن و ڕادەستی یەکەی جێبەجێکاری حوکمی سزاکان بکەن.”

جێی بیرهێنانەوەیە کە، میرزا محەممە ڕەحمانی و ئامانج قوربانی ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز و یەکی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کامێران دەستبەسەر و سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر لە ٢ی بەفرانبار لە ناو شاری کامێران دەستبەسەر و پاش سێ حەوتوو لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی بڕین بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *