ساز کردنی دۆسیەیەکی نوێ لە دژی دکتۆر محەمەد قەدەمی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە

ک.م.م.ک:

بەپێی راپۆرتی ناوەندی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، داواکاری گشتی ئێران لە پارێزگای سنە دۆسیەیەکی نوێی لەسەر دکتۆر محەمەد قەدەمی دانیشتووی بانە کە یەکێک بوو لە بەربژێرەکانی خولی 12ی سەرۆک کۆماری ئێران ساز کردووە و گواستووەتەوە بۆ دەزگای دادوەری ئێران لە تاران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 7ی خاکەلێوەی 2722، ژمارەی دۆسیە نوێیەکە لەڕێگەی سیستمی سەناوە بۆی ڕایانگەیاندراوە، بەڵام تا ئێستا وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە نەزانراوە.


جێی ئاماژەپێکردنە کە، دکتۆر محەمەد قەدەمی پاش ناونووس و ڕاگەیاندنی بەربژێرکردنی بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە بە بێڕێزی لە بینای وەزارەتی ناوخۆ و لقەکانی ناونووسین بۆ سەرۆکایەتی دەرکرا بوو.

دکتۆر محەممەد قەدەمی لە لێدوانەکانی دوای ڕووداوەکە ڕایگەیاند کە تاکە هۆکار کە لە بینای وەزارەتی ناوخۆ دەرکراوە و ڕێگری لە کاندیدکردنی کردووە، کورد بوون و سوننی بوونی بووە.

شایانی باسە کە، فشارە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر ئەم چالاکوانەسیاسیە بەردەوامەوە دەزگا ئەمنییەکانیش هەوڵدەدەن ناچاری بکەن بێدەنگ بێت و کۆتایی بەچالاکییەسیاسییەکانی بهێنرێت.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *