دەسبەسەرکرانی دووکەس لەهاوڵاتیان بەتۆمەتی پاسکێل سواری

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی مەریوان بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژبە قەدەغە کردنی پاسکێل سواری ژنان لەم شارە کەلەلایەن دەست وپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دێتە ئاراوە لەڕۆژی سێ شەممۆ ۱۹ی گەلاوێژ بەئامادەبوونیان لەشەقامی یاریگا(استادیوم) بەرەو گۆلی زریبار  پاسکێل سوارییان کرد.

هێزە سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەبە لی مەدەنییەوە لە هەموو شوێنێکی شەقام وکۆڵانەکان بڵاو بونەتەوە هێرشیان کردە سەرخەڵک و دوگەنجیان(کوڕ وکچێک) بەناوەکانی سەلاح عارفی وشەرارە مەحموودی دەستبەسەر کرد.

جێگەی باسە چەندد حەوتوویەکە خەڵکی مەریوان بۆ بەجێکردنی کلتووری پاسکێل سواری بەمەبەستی پاک وخاوێنی ژینگە وباری تەندرووستی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە بەژن وپیاو دەستیان دایە ئەو نەریتە شارستانی ومەدەنییەوە ،بەڵام مەخابن کۆماری ئیسلامی کەهەموو پڕۆگرامەکانی لەناوچوون وکۆیلەکردنی کوردستانە وبەتایبەت چینی ژن کە بەردەوام ڕەوت ودەوری چالاکی گێڕاوە لە پێشەوەچوونی کۆمەڵگا دژایەتی دەکات وپەلاماری چالاکان دەدات وخەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستانیش بەتایبەت کرماشان وسنە بەهانایانەوە چوون وهەمان دەسپێشخەرییان بەئەنجام گەیاند وپەلامار دران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان