ک.م.م.ک:
پێنجشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی عەبدوڵڵا رووزرۆخ ٥٢ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری مەریوان، پاش ٢٠ڕۆژ تێپەڕین بەسەر دەستبەسەریدا، بە شێوەی هەڵپوسێردراو لە گرتووخانە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگیراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە، ئەم هاوڵاتییە کاتژمێر ١١ی سەر لە بەیانی ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.
بە پێی هەواڵەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوبراو بە هۆی نەخۆشی جەرگ ئازار دەچێژێ و لەم ماوەیەدا لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەرییە.
شیاوی باسە کە عەبدڵڵا روزڕۆخ، بەرگ دوورێکی ناسراوی شاری مەریوانە کە بە شیمانەی ئەوەی جلی کوردی ناسراو بو میلیتانی دووری بێت دەستبەسەر کراوە.
لەم مانگانەی دواییدا لە زۆر حاڵەتدا دیتراوە کە نوێ کردنەوەی ماوەی دەستبەسەری هاوڵاتیان، بۆ دانپێدانانی زۆرە ملێ و ساز کردنی دۆسیەی نوێ و ساختەیە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەری و ئەو تۆمەتانەی نراونەتە پاڵی ناوبراو ئاشکرا نەکراوە.
ق.ش