نادیاربوونی چارەنووسی سێ کۆڵبەری بێسەرو شوێن بوو لە بەرزاییەکانی مەرگەوەری ورمێ

ک.م.م.ک:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو سێ کۆڵبەرەی بە ناوەکانی “ئەسعەد سەیدانی فەرد کوڕی ڕەحیم و خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵ، بەهلوول سەیدانی فەرد کوڕی کەریم و خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵ و بارزان میهەنی” ١٧ ساڵ تەمەن کوڕی شەوکەت خەڵکی گوندی باوان سەر بە ناوچەی مەرگەوەر، کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانباری ئەمساڵ لە نێو بەفر و بۆرانیی خەرەندی بنار بێسوروشوێن ببوون هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

بە پێی هەواڵەکە، هەر لە سەرەتاوە خەڵکی دەڤەرەکە بە کۆمەڵ بەدوای ئەم کۆڵبەرانەدا دەگەڕێن بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێزەکانی مانگی سوور تا ئێستە هیچ یارمەتییەکی خەڵکیان نەداوە بۆ دۆزینەوەی ئەم کۆڵبەرانە و گەرچی بڕیار وابوو هێزەکانی حکوومەتی ئێران بە کۆپتەر بە دوایاندا بگەڕێن بەڵام پارێزگاری ورمێ هەڕەشەی لە خەڵک کردووە کە ڕێگەیان پێ نادرێ چیدی بەدوایاندا بگەڕێن و لە ئەگەری گەڕاندا هێزە چەکدارەکان ڕێگەپێدراون کە تەقەیان لێ بکەن، هەر بۆیە خەڵکی دەڤەرەکە و ماڵباتی ئەو کۆڵبەرانە داوا لە ناوەندەکانی مرۆیی و مافی مرۆڤی دەکەن لە ئاستی ئەم تاوانەی حکوومەتی ئێران بەرانبەریان دەیکات وەدەنگ بێن و بچن وەهاواری بنەماڵەکانیانەوە و ئەو کردەوە قیزەونەی دەسەڵاتی ئێران مەحکووم بکەن.

شیاوی باسە کە، پرسی کۆڵبەران بە گشتی پرسی بژێوی ژیانە نەک بابەتێکی ئەمنی و سیاسی و ڕێگری کردنی ئێران لەهەمبەر لێگەڕینی خەڵک بەدوای کۆڵبەرە ون بووەکان پرسێکی مرۆیی و ڕەوایە و هاوشێوەی بوولەرزە و لافاو پێویستی بە یارمەتی مرۆیی و هەرەوەزی ناوخۆیی و تەنانەت نێودەوڵەتی هەیە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *