هاوڵاتییەک بۆ کێشانی زیندانییەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا

ک.م.م.ک

چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی”شەمزین محەممەدی” خەڵکی گوندی ئاڵیکەند سەر بە شاری بۆکان بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێران لەو شارە گوازرایەوە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە، ناوبراو ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن سیستەمی قەزایی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر “پەیمان ڕۆستەمی” بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

شیاوی باسە کە ئەم هاوڵاتییە ٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرابوو.

بە پێی هەواڵەکە، شەمزین محەممەدی پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئێران لە بۆکان ڕاگوازراو و لە کۆتاییدا یەکی خەرمانانی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوە لە زیندانی ئێران ئازاد کرابوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *