KMMK:
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی زانا کەسرایی ٢٨ ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی نێ سەر بە شاری مەریوان بۆ کێشانی حوکمەکەی بۆ زیندان گوازرایەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٠ی کوردی، دادگای ئینقلابی ئێران ناوبراوی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد و لە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات پەڕیبوویەوە.
شیاوی باسە کە، ئەم هاوڵاتییە بەو حوکمەی لە دادگای سەرەتایی پێی درابوو ناڕەزایی نیشان دا و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی حکوومەت لە سنە کرابوو کە حوکمەکەی بۆ ساڵێک زیندانی تەعزیری داشکا.
جێی بیرهێنانەوەیە کە زانا کەسرایی ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گەتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئێران لە سنە ڕاگوازرایەوە.
هەروەها پاش ٢٢ ڕۆژ دەستبەسەری و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ق.ش


