گیان لە دەستدانی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی پیرانشار لە گرتووخانەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان

KMMK:

پێنجشەممە18ی خەرمانانی 2721ی کوردی، لە پێوەندییەکی تلەفوونیدا لە گەڵ بنەماڵەی یاسر مەنگوڕی هاوڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، مردنی کوڕەکەیان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پێ ڕاگەیاندوون.

بە پێی گوتەی یەکێک لە خزمەکانی بنەماڵەی گیان بەختەکردوو، له لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە لە گەڵ بنەماڵەی یاسر مەنگوڕی پێوەندیان گرتووە و ڕایان گەیاندووە کە کوڕەکەیان لە گرتووخانەی ئەمنییەتی گیانی خۆی لە دەست داوە بەڵام لە شێوازی گیان لە دەستدان و ڕادەست کردنەوەی تەرمی ئەم هاوڵاتییە بە بنەماڵەکەی ڕێگری کراوە.

سەرچاوەی ناوبراو لە درێژەدا کوتی: لە ڕێکەوتی 26ی پووشپەڕ کەسێک ــ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ــ پێوەندی بە یاسر مەنگوڕییەوە دەگرێ و پێی دەڵێ کە دەبێت بچێتە گۆڕستانی شار و ئەگەری هەیە یاسر هەمان ڕۆژ کوژرابێت، بەڵام تا ئەم کاتە شێواز و کاتی گیان لە دەستدانی ئەم هاوڵاتییە گوماناوییە و تەرمەکەیشی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەسەر کرابوو.

یاسر مەنگوڕی کوڕی مستەفا مەنگوڕی و ئایێ گوڵ خەیدە، خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *