حکومەتی تورکیا 8 پەنابەری پاوەیی ڕادەستی گروپی «ئەل نوسرە»لە سوریا کردووە

KMMK :
بەپێی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکومەتی تورکیا لە 22ی ئاگۆستی 2021دا هەشت پەناخوازی خەڵکی پاوە دەستبەسەر کردووە کە بەنیازبوون کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا و ڕادەستی گروپی تیرۆریستی ئەلنوسرە-یان کرد لە سوریا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوون ناوی ئەو کەسانە بەم شێوەیەیە:

دەماوەند پاک سرێشت
موبین وەلەد بەیگی

ئەفشار ڕۆستەمی
بەهمەن شادرەوان
مەسعود حەیدەری
سەعید ئەحمەدی
فەردین دەروێش پور
هیدایەت روخزادی

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو هەشت پەناخوازەی پاوه کە لەگەڵ 57 پەنابەری دیکەی کورد لە هەرێمی کوردستان بوون، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر دکرێن، ئەو پەناخوازانە سەرەتا ئەگەری ئەوەی دەکردن کە پۆلیس بەنیازە بیانگوازێتەوە بۆ سنووری دەریایی بۆ ئەوەی تورکیا بەجێبهێڵن، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوە لە خاڵە سنوورییەکان، بۆیان دەردەکەوێت کە لەسەر هێڵی نێوان جەرابلوس و عەفرین گواستراونەتەوە بۆ سنووری شاری عەزاز.

زەکەریا ڕۆستەمی، کە هاوکات پەناخوازە لە تورکیا، بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاگەیاند، کە هەشت هاوڵاتی پاوه یی لە 22ی ئاگۆستەوە دەسبەسەرکراون لە 24ی ئاگۆستەوە پەیوەندیەکەیەن بە تەواوی پچڕاون.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێش چوونە ناو عەزاز گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەو هەشت هاوڵاتییە پاوە یی نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، پاسپۆرتی ئەو کەسانە لە دەستی ئەو قاچاغچییە مایەوە کە بڕیاربوو لە تورکیا دەریان بکاتەوە، ئەو کەسەش دەسنیشان کردووە کە ئەو کەسانە لەلایەن تورکیاوە ڕادەستی گروپی تیرۆریستی ئەلنەسرە کراون.

زەکەریا رۆستەمی، لە لێدوانێکیدا بۆ KMMK ڕایگەیاند، کە ئەو کەسانە بە شێوەیەکی یاسایی چوونەتە تورکیا و ماوەی 3 مانگ مانەوەیان هەبووە و داوای درێژکردنەوەی مانەوەیان بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکانی تورکیا کردووە.

جێی سەرنجە ماوەی نزیکەی 23 ڕۆژە چارەنووسی ئەو هاوڵاتیانەی کوردستان نازانرێت و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی کەسوکاری ئەو کەسانە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان نیگەرانی خۆی لە تەندروستی و ژیانی ئەو کەسانە دەرببڕیت و داوای لە حکومەتی تورکیا دەکات کە ئەو پرسە ڕوون بکاتەوە و بارودۆخەکە و چارەنووسی ئەو کەسانە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە. هەروەها داوا لە هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و میدیاییەکان دەکەین کە لە سوریا کار دەکەن بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی ئەو کەسانە و زەمینە خۆشکردن بۆ گەڕانەوەیان بۆ کوردستان

ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *