نادیاربوونی چارەنووسی سێ بەندکراو سەرەڕای سەلماندنی بێتاوانییان/ ٣٢ ساڵە لە بەندیخانەن

KMMK:
بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سێ بەندکراو بە ناوەکانی «عوسمان سەحرایی، جەعفەر ئیسماعیلی و سەعدوو( سعید) ئارمەت» ٣٢ ساڵە لە بەندیخانەن.

جێگای ئاماژەیە کە، ئەم سێ بەندکراوە لە رێکەوتی ١٤ی پوشپەڕی ٢٦٨٩ی کوردی دەستبەسەر کراون و پاش تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە بەندیخانەی ناوەندی ئێران لە ورمێ بەندن.

بە پێی زانیاری گەیشتوو، هیچ بەڵگەیەک لەسەر تاوانباربوونی عوسمان سەحرایی، جەعفەر ئیسماعیلی و سەعدوو ئارمەت بوونی نیە و ٣٢ ساڵە لەبەندیخانەن.
بە پێی زانیاریەکان، تاوانباری سەرەکی دۆسیەی کوشتن، گیانی لەدەست داوە و ئەم سێ کەسە بەشداری کوشتن نەبوون.

ئەم سێ کەسە تاوەکوو ئێستا سێ جار لەلایەن دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ سزای کوشتنەوەیان بەسەردا سەپێندراوە، بە ھۆی نەبوونی بەڵگە بۆ سەلماندنی تاوانی ئەم سێ کەسە، ئەم سزایانە لە لایەن دیوانی عالی وڵاتی ئێران ھەڵوەشاوەتەوە.
بە پێی راپۆرتی راگەیەندراو، بەو پێیەی کە ئەوکەسانەی سکاڵایان لەسەر ئەم سێ کەسە تۆمارکردوە لە دەست و پێوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و پارەیەکی زۆریان ھەیە، سەرەڕای ئەوەی کە سزای ئەم کەسانە شکاوە بەڵام سزایەکی نوێ بەم سێ بەندکراوە رانەگەیەندراوە.

تۆمەتباری سەرەکی ئەم دۆسیەیە، عەباس سەحرایی کە بەرپرسایەتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ گرتبوو دەتوانێت لە ئیدارەی ئاگاھی ئێران ھەڵبێت و لە ئاکامی شەڕێک لە وڵاتی تورکیادەکوژرێت. بەڵام دادوەرەکان لە ئەگەری ئەوەی کە عەباس سەحرایی تاوانباری سەرەکیە، لەسەر زەختی تۆمارکەرانی سکاڵا هیچ ھەوڵێک بۆ ئازاد کردن یاخود دیاری کردنی داھاتوی ئەم کەسانە نەدراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم بەندکراوانە لە بەرپرسانی دادوەری بێ ئاکام بووە و وڵامێکی روونیان وەر نەگرتووە.

س.ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *