دوو گەریلای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێنجوێن تیرۆر کران

KMMK:

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دو ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە ناوەکانی مێهدی رەزایی و ئاکۆ فەتحی لە پیلانگێڕییەکی حکوومەتی ئێراندا لە ناوچەی چەمی شلێری پێنجوێن لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان‌ (پژاک) لە ڕاگەیاندراوێک دا ئاماژە بە ناسمانەی ئەو دوو گەریلایە دەکات و تیرۆری وان پشتڕاست دەکاتەوە.

ئەو دوو گەریلایە بە نازناوی رێکخستنی «زاگرۆس مانی و شەوگەڕچیا» لە ناوچەی چەم شلێری سەر بە شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەرکی حیزبی بوون و لە ئەنجامی پلانێکی دیاریکراو لە لایەن حکوومەتی ئێران تیرۆر دەکرێن.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ڕایگەیاندووە؛ ”دوو کەس بە ئامانجی دیتنی گرووپێکی هەڤاڵانمان لە هەرێمی چەمی شلێر سەردان دەکەن. ئەو دوو بەکرێگیراوە بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو دەچنە لای هەڤاڵانمان ولە دەرفەتێکدا پیلانەکە ئەنجام دەدەن.

«لە ئاکامدا، 16 رێبەندانی 1399 هەتاوی زاگرۆس مانی و شەوگەڕچیا لە لایەن تیمی ناردراوی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر دەکرێن.

جێی ئاماژەیە کە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران پڕن لە نموونەی پیلانگێڕیی لە دژی ئازدیخوازان و تا ئێستا بە دەیان ئەندامی حیزبە کوردستانیەکانی تیرۆر کردووە.

حکوومەتی ئێران هەرکات خەریکی تواندنەوە و پاکتاوی گەلی کوردە و بۆ سەپاندنی هەژمۆنی و پەرەپێدانی حوکمڕانی خۆیی هەوڵیداوە ئازادیخوازان و ئەندامی چالاکی پارتە سیاسیەکانی کوردستان لەناو ببات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای ئیدانەی ئەو تیرۆرە داوا لە حیزبە کوردستانیەکان دەکات بە پلانێکی یەکگرتووانە ڕووبەڕووی شەرانگێزی و سیاسەتی تیرۆری حکوومەتی ئێران ببنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان