KMMK:
بە پێی ھەواڵی گەیشتوو بە KMMK، دکتۆرناسر فەھیمی بەندکراوی باوەڕمەندی کورد، بەندکراو لە بەندیخانەی تاران بۆ جارێکی دیکە ھەڕەشەی لێکراوە.
بە پێی ھەواڵەکە، ناسر فەھیمی پاش بڵاوکردنەوە و لەقاودانی بارودۆخی نالەباری بەندکراوان و ھەڵسووکەوتی بەرپرسانی بەندیخانە لە ھەمبەر خۆی و بەندکراوانی تر ھەڕەشەی لێدان و ئەشکەنجە و تەنانەت ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
شایانی باسە کە، ناسر فەھیمی لە مانگی رەزبەری 2718ی کوردی مافی شارۆمەندی خۆی لە وڵاتی ئێران وەرگرتەوە و پاشان بەو ھۆکارەوە چەندین جار ھەڕەشەی تاوان دانەوەی زۆر قورسی لێکراوە.
شایەنی باسە کە، ناسر فەھیمی بەندکراوی بیرۆکەیی و سیاسی خەڵکی شاری سنە لە مانگی پوشپەڕی 2710 لەلایەن ھێزە ئەمنیەتیەکانی ئێران لە ئۆتۆبانی ھیمەتی تاران دەستبەسەر دەکرێت و پاشان بۆ بەشی 209ی بەندیخانەی ئڤین بە مەبەستی لێپێچینەوە دەگوازرێتەوە و دواتر لەلایەن لقی پازدەی دادگەی ئینقیلابی تاران بە تۆمەتی« بڵاوکردنەوەی درۆ و ھەوڵ دژ بە حکوومەتی ئێران» سزای 10 ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان