فەتاح فرووھەر بە مەبەستی بەسەر بردنی سزاکەی بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

KMMK:

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە KMMK، لە رۆژانی رابردوو فەتاح فرووھەر، شارۆمەندی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی بەسەربردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری نەغەدە گوازراوەتەوە.

گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانە لەکاتێکدایە ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری پیرانشار سزای یەک ساڵ بەندکردنی بێمەرج و چوار ساڵ بەندکردنی مەرجداری بەسەردا سەپێندرابوو.

دەبێت ئاماژە بکەین کە، تۆمەتگەلی پاڵنراو بەم کەسەوە، ھاوکاری لەگەڵ یەکێک لە پارتە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی راگەیەندراوە.

جێگای وەبیر ھێنانەوەیە کە، ناوبراو لە رێکەوتی 10ی خەرمانانی ئەمساڵ، بەبێ نوسراوەی دادوەری، بە لێدان و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ھێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر دەکرێت و پاشان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ دەبرێت و پاش تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان