ک.م.م.ک:
بەگوێرەی هەواڵەکان، ناسر بەکرزادە، هاوڵاتی زیندانی تەمەن ٢٦ساڵ و چالاکی بواری گەشتیاری خەڵکی ورمێ، ڕووبەڕووی مەترسی جیددی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام بوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لقی دووی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ بەسەرۆکایەتی دادوەر شاهینی لە ڕۆژانی دوایی، جارێکیتر حوکمی ئێعدامی ناوبراوی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسڕایل دەرکرد و ئەو حوکمە بەشێوەی فەرمی لە نووسینگەی جێجەجێکاری حوکمەکان بەناوبراو ڕاگەیەندراوە.
شیاوی باسە کە ئەم هاوڵاتییە پێشتر لە خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی ـش هەر بەو تۆمەتە لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
بەم حاڵەوە، دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران پاش داواکاری پێداچوونەوە، حوکمەکەی پووچەڵ کردەوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دیکە بۆ لقی هاوئاست ڕەوانە کردبوویەوە.
سەرچاوەی نێزیک لە دۆسیەکە دەڵێن کە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەی نوێیش ستانداردەکانی لێکۆڵینەوە دادوەرانە نەبووە و دادگا بەبێ نواندنی بەڵگەی باوڕپێکراو، سەرلە نوێ هەمان ئەو حوکمەی بۆ دەرکردووە.
ق.ش


