ورمێ؛ شارۆمەندێک بۆجارێکی تر گوازرایەوە بۆ بەندیخانە

KMMK:

شەممە 2ی رەشەمەی 2720ی کوردی، فەرهاد مووسا پوور، کوڕی رەحیم چالاکی کۆمەڵایەتی شاری رەبەت لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بۆ بەندیخانەی حکوومەت لەم شارە گوازرایەوە.

جێگای وەبیر ھێنانەوەیە کە، ناوبراو لە رێکەوتی27ی رێبەندانی ئەمساڵ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێران لە شاری ورمێ بۆ بەندیخانەی حکوومەت لەم شارە گوازرابوویەوە و جارێکی تر بە بیانووی لێپرسینەوە بۆ شوێنێکی نادیار برابوو.

جێگای ئاماژەیەکە، فەرھاد مووسا پوور لە رێکەوتی 20ی بەفرانباری ئەمساڵ ھاوکات لەگەڵ برایەکی خۆی بە ناوی فەردین مووسا پوور و کەسێکی تر بە ناوی بەھمەن یووسف زادە لەلایەن ھێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ گرتووخانە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ برابوون.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم ھەواڵە، لە ھۆکاری دەستبەسەر کردن و تۆمەتگەلی پاڵنراو بەم شارۆمەندەوە زانیاریەکی ئەوەتۆ لەبەردەست نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان