تەرمی کۆڵبەرێکی 25 ساڵەی بۆکانی لە بەرزاییەکانی بانە دۆزایەوە

KMMK:
چوارشەممە 29 ڕێبەندانی 2720ی کوردی، تەرمی کۆڵبەرێک بەناوی ئەیوب قادری لە بەرزاییەکانی بانە دۆزرایەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر 10ی بەر لە نیوەڕۆی ئەوڕۆ، کۆمەڵێک کۆڵبەر کە لە گەڕانەوەدا بوون بۆ شاری بانە، لە بەرزاییەکانی “کێلە و نەنوور” و لە کاتی تێپەڕین لەو شوێنە چاویان بە تەرمی سەهۆڵ بەستووی کۆڵبەرێک دەکەوێ و لە نێو سەهۆڵەکە دەری دێنن و ناوەندی دەرمانی بۆ گواستنەوەی تەرمەکە ئاگادار دەکەنەوە.
ئەو کۆڵبەرانە ناونیشانی ئەم گەنجەیان، ئەیوب قادری، 25 ساڵ تەمەن کە خەڵکی گوندی “وشتەپە”ی سەر بە بۆکانە، ڕاگەیاندووە.

بەڵگەکان سەرمابردوویی ئەم کۆڵبەرە نیشان دەدەن. تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی بانە ڕاگوازراوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســــتان