گواستنەوەی ئەسرین موحەمەدی بۆ بەندیخانە/ ئازاد کردنی دەریا تاڵەبانی بەشێوەی کاتی

KMMK:
بە چێی زانیاری گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەسرین موحەمەدی پاش تێپەڕاندنی کاتی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانە گوازرایەوە و دەریا تاڵەبانی بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
سێ شەممە 28ی رێبەندانی 2720ی کوردی، ئەسرین موحەمەدی، چالاکی کۆمەڵایەتی کە لە بڕوای 20ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە کاتی رەشبەگیری بە کۆمەڵی چالاکانی کورد لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو، لە گرتوخانەی سازمانی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئێران لە شاری ورمێ گوازرایەوە.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم ھەواڵە لە تۆمەتگەلی پاڵنراو بە ناوبراوەوە زانیاریەک لەبەردەست نییە.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە KMMK: دوو شەممە 25ی رێبەندانی 2720ی کوردی، دەریا تاڵەبانی، چالاکی کۆمەڵایەتی و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بە دانانی بارمتە پاش تێپەڕاندنی قۆناغی لێپرسینەوە تا کاتی بەسەرچوونی قۆناغی دادوەری بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەھاباد ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کۆمەڵایەتیە لە بڕواری 18ی رێبەندانی ئەمساڵ پاش بەسەرکردنی یەک مانگ مانەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بۆ بەندیخانەی ئێران لە شاری مەھاباد گوازرابویەوە. ناوبراو بە تۆمەتی ھاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران تاوانبار کراوە.

جێگای ئاماژەیە، دەریا تاڵەبانی لە بڕواری 20ی بەفرانباری ئەمساڵ ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەپۆلی نوێی گرتنی چالاکانی کورد لە مەھاباد دەستبەسەر و پاشان ڕادەستی گرتووخانە ئەمنیەتیەکانی ئێران لە ورمێ دەکرێت. شەپۆلی دەستبەسەر کردنی شارۆمەندان و چالاکانی کۆمەڵایەتی گەیشتە 115 کەس کە تا ئێستا بەشێک لەم کەسانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان