سومەییە کارگەر لە گرتووخانەی ئێڤین ـەوە بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین ڕاگوازرا

KMMK:

سومەییە کارگەر خەڵکی ئیلام و خوێندەوانی بواری فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز، لە گەڵ تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای حکوومەت ناسراو بە بەندی دووی ئەلفی زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین ڕاگوازرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، سومەییە کارگەرگیرۆدەی نەخۆشی چاوە و لە سەرەتای دەستبەسەرییەوە لە هەبوونی دەرمان و پزیشک بێبەری بووە.

بە پێی کوتەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، بە هۆی نەخۆشی چاویەوە لە ژێر چاوەدێری پسپۆڕی چاو لە وڵاتی فەڕەنسە بوو و دواین ویزای پزیشکی بۆ مانگی نۆڤەمبەری 2020ی زاینیی بووە بەڵام بە هۆی دەستبەسەر بوونییەوە نەیتوانی ماوەی دەرمانییەکەی تەواو بکات و لە ماوەی دەستبەسەر بوونیەوە کێشی دابەزیووە وتووشی کێشەی گەدە هاتووە و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە زەمەنی ڕاگرتنی لە گرتووخانەی سپا، دەوا و دەرمانیان پێنەداوە و هەر ئەمەیش بووە بە هۆی تێکچوونی تەندرووستی، دابەزینی هێزی دیتن و دڵەڕاوکێی بنەماڵەکەی.

شیاوی باسە ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو بێبەری بووە.

دایکی سومەییە کارگەر لە چاوپێکەوتنێکدا کە سێ حەوتووی بەرێ لە زیندانی ئێڤین لە گەڵ کچەکەی بە ئەنجامی گەیاندووە، دەڵێ ڕێگەیان نەداوە لە گەڵ کچەکەی بە زمانی کوردی قسە بکات و گوشاریان لە سەر داناون کە دەبێ بە زمانی فارسی قسە بکەن.

جێی بیرهێنانەوەیە کە، سومەییە کارگەر ڕێکەوتی 25ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوازرا و لە کاتی دەستبەسەری ماڵەکەیان پشکنیوە و هەندێ کەلووپەلی تایبەت وەکوو لۆپ تۆپ و موبایلەکەیان لە گەڵ خۆیان بردووە.

بە پێی هەواڵەکان تا ئێستە ئاشکرا نەکراوە کە ناوبراو بە چ تۆمەتێک دەستبەسەر کراوە بەڵام لە لایەن دادسەرای حکوومەت لە ئێڤین کوتراوە کە بە بۆنەی تاوانی ئینتەڕنێتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان