چارەنووسی کاسبکارێکی خەڵکی بانە هێشتا نادیارە

KMMK:

چارەنووسی کاسبکارێکی خەڵکی گوندی کۆخ حەسەنە کوردە سەر بە شاری بانە بە ناوی “عەبدولخالق خەیاڵی” ناسراو بە عەتا کۆخی لە دایکبووی2673ی کوردی، پاش 18 مانگ نادیار بوون وەکوو خۆی تەموومژاوییە.

بە پێی هەواڵی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو ئەم هاوڵاتییەی خەڵکی بانە بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان؛ ڕێزدار عەبدولخالق خەیاڵی ڕێکەوتی 8ی گەلاوێژی 2719ی کوردی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

ئەم سەرچاوەیە ئاشکرای دەکات؛ عەتا کۆخی خێزاندار و خاوەنی 5 منداڵە، 3 کوڕ و 2 کچی هەیە و هەنووکە نیشتەجێی شاری بانەن.
هەوەها کوتی؛ بەڕێز خەیاڵی کاسبکاری سنووری بووە کە بنەماڵەکەی لە ڕۆژی 8ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لێی بێ ئاگان و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام و دەمدرێژ لە لایەن دامەزراوە قەزایی و ئەمنییەکانەوە وڵامێکی ڕوونیان لەهەمبەر چارەنووسی ئەم ئەندامەی بنەماڵەکەیان پێ نەداونوتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا کوتی؛ ئیدارەی ئاگاهی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بانە بە بنەماڵەی بەڕێز خەیاڵی ـیان ڕاگەیاندووە کە کەسێک بەم ناونیشانە لە لای ئەوان نەگیراوە. لە لایەکی ترەوە پاش وەررتنی بەڵگەی قەزایی لە لایەن دادگای گشتی و ئینقلابی ئێران لە بانە و چەندد جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، تەنیا پێیان ڕاگەیاندوون کە” خۆمان وڵامی نووسراوەی دادگا دەدەینەوە”.

هەروەها بە پێی وتەکانی ئەم سەرچاوە متمانەپێکراوە، لە کەناڵی نافەرمی گرێدراوی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت بە بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییەی خەڵکی بانە ڕاگەیەندراوە کە بە پێی قوورسی تۆمەت و دۆخی دۆسەکەی ئەگەری چاوپێکەوتن و وەرگرتنی زانیاری بوونی نییە.

ئەم کەسە نێزیکە بە بنەماڵەی بەڕێز خەیاڵی لە کۆتاییدا کوتی: بەماڵەی بەڕێز خەیاڵی داوا لە ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتی و جڤاکی دەکەن کە بۆ وەرگرتنی زانیاری لە دۆخی ئەم ئەندامەی بنەماڵەکەیان کەمتەرخەی نەنوێنن و لەوە زێدەتر دایک و باب ومنداڵ و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیان لە چاوەڕوانی پڕوکێنەردا مەهێڵنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان