کرماشان؛ گواستنەوەی 3 شارۆمەند بۆ بەندیخانە

KMMK:
شەممە 11ی رێبەندانی 2720ی کوردی، سێ شارۆمەند بە ناوەکانی «مستەفا باقری ئاشنا» خەڵکی کەنگاوەر و «ئەردەشیر موسەوی و خەلیل ئەسەدی بوژانی» خەڵکی کرماشان بە مەبەستی بەسەربردنی سزای بەندکردنیان رادەستی بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان کران.

بە پێی راپۆرتەکە: موستەفا باقری ئاشنا و ئەردەشیر موسەوی لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان بە تۆمەتی «پڕوپاگاندا دژ بە حکومەت» هەریەکەو سزای 9 مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە لەلایەن دادگەی تەجدید نەزەرەوە بۆ 4 مانگ دابەزێندرا.

ئەردەشیر موسەوی و موستەفا باقری ئاشنا لە بڕواری 14ی خەرمانانی 2717ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و پاش قۆناغی لێپێچینەوە ئازاد کراون.

خەلیل ئەسەدی بوژانی لە مانگی رێبەندانی 2719ی کوردی، لەلایەن بەشی سێی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان بە تۆمەتگەلی وەک« ئەندام بون لە گروپی دژ بە کۆماری ئیسلامی و هاوکاری دژ بە ئاسایشی وڵات»پێکەوە سزای 6ساڵ و 6 مانگ سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە دادگەی تەجدیدە نەزەر بۆ 4 مانگ بەندکردن کەم کرایەوە.
خەلیل ئەسەدی بوژانی لە کاتی ناڕەزایەتیە گشتیەکان لە گەلاوێژی 2719 لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان دەستبەسەر دەکرێت و پاش لێکۆڵینەوە بۆ ماوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان