دەستبەسەری 5 کەسی دیکە لە نەغەدە، مەهاباد و بۆکان/ ڕێژەی دەستبەسەران بوو بە 29 کەس

KMMK:

چوارشەممە 24ی بەفرانباری 2720ی کوردی، سێ هاوڵاتی ئەندامی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی “عەبدوڵڵا حاجی ئەحمەدی، پەیمان حاجی ئەحمەدی و خاتوو گەلاوێژ عەبدوڵڵاهی دەسگیرانی (پەیمان) خەڵکی گەڕەکی” قەرە قەسابی نەغەدە” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

لە هەواڵێکی دیـکەوە لە بۆکان دەرکەوتووە کە حسێن گەردشی هاوڵاتی و چالاکی مەدەنی ــیش دووشەممە 22ی بەفرانبار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، هێزە ئەمنییەکان پاش هێرش بۆ سەر ماڵی ناوبراو، هەندێ کەلوپەلی ئەویان لە گەڵ خۆیان بردووە، پاش دوو ڕۆژ بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە زانیویان کە منداڵەکەیان بۆ ناوەندی ئەمنییەتی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازراوە.

هەروەها هاوڵاتییەکی دیـکە بە ناوی حەسەن عەبدی دانیشتووی شاری مەهاباد ــیش بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان لە ماڵی خۆی لە مەهاباد دەستبەسەر و بۆ ناوەندی ئەمنی حکوومەت لەو شارە گوازراوەتەوە.

شیاوی باسە ک دەستبەسەری ئەم هاوڵاتیان بە بێ نواندی حوکمی قەزایی و بە ڵێدان و کوتەکی هێزە ئیتلاعاتییەکان هاتۆتە ئاراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لانیکەم 29 هاوڵاتی و چالاکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


ئەمە لە کاێکدایە کە دۆخی سیاسی، ئابووری کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردســتان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خرابتر بووە و گەلی کوور لە هەموو مافێکی خۆیان بێبەری کراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاوڵاتیان ئاشکرا نەکراوە و حکوومەتی ئێران هێچ چەشنە ڕوون کردنەوەیەکی نەدرکاندووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســـتان