KMMK:
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان، ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی تاوانبار بە کوشتن بە ناوی عەبدوڵڵا بەهرامیان خەڵکی بۆکان لە ئارادایە.
ئەم زیندانییە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لەو شارە زیندانی کراوە و بە کوشتنەوە مەحکووم کراوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، بنەماڵەکەی تا ئێستە نەیان توانیووە ئەو بڕە پارەی بۆ ڕەزایەت وەرگرتن دیاری کراوە کۆبکەنەوە.
دامەزراوە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێران بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامەیان ڕاگەیاندووە: «لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەی کەسی کوژراو، ناوبراو بە خێرایی ئێعدام دەکرێ.»
شیاوی باسە کە بنەماڵەی کەسی کوژراو بڕی 800 ملوێن تمەنیان دیاری کردووە لە پێناو ڕەزایەت دان.
ئەم هاوڵاتیی، ساڵی 2715ی کوردێ، بە تۆمەتی کوشتن دەسبەسەر و لە لایەن ناوەندە قەزاییەکانی ئێرانەوە بە کوشتنەوە مەحکووم کرا.
بە پێی هەواڵەکە پاش تێپەڕینی شەش ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوەدا و دادگایی کردنیدا، کوشتنی ئەو کەسەی لە ئەستۆ نەگرتووە و دەڵێ “هاوڕێکەی تووشێ ئەو تاوانە بووە و ئەو تەنانەت کەسێ کوژراویشی نەدەناسی بەڵام هاوڕێکەی بە سوێندی درۆین ئەو تاوانەی تووشی ئەو کردووە.
هاوڕێکەی پاش کۆتایی لێپرسینەوەکان بە هۆی جەڵدەی مێشک مردووە و دواتر عەبدوڵڵا بەهرامیان لە دادگا بە تۆمەتی کوشتن بە کوشتنەوە مەحکووم کراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان


