KMMK:
یەکشەممە 7ی بەفرانباری 2720ی کوردی، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز حوکمی دوو ساڵ زیندانی تەعزیری “عیرفان مورتەزایی”، 32 ساڵ تەمەن کوڕی عیزەتوڵڵا خەڵکی شاری سەقز بە هۆکاری ناڕەزایی دەرنەبڕین بە حوکمی دادگای سەرەتایی و پەسەند کردنی ئەو حوکمە، بوو بە 18 مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەری پێشوویەوە.
لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز بە سەرۆکایەتی «جەواد مستەفایی» بە پشتبەستن بە مادەی 442ی یاسای شێوازی لێکۆڵینەوەی سزاکانی پەسەندکراوی 1392ی هەتاوی، حوکمی دوو ساڵ زیندانی ناوبراو بۆ 18 مانگ زیندانی تەعزیری داشکاو.
شیاوی باسە عیرفان مورتەزایی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر “جەواد مستەفایی” بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان