پیرانشار؛ دوو هاوڵاتی هەرکامەیان بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دڕان

KMMK:

دوشەممە 15 بەفرانباری 1399ی کوردی، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی “عومەر خاگزادە و عەباس سەدیقی” خەڵکی گوندی “شێلم جاڕان”ی سەر بە پیرانشار، لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئەو شارەوە، هەرکامەیان بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دڕان.

شایانی باسە، ئەو دوو هاوڵاتییە به “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران” تۆمەتبارە و ئەو سزاش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێیان ڕاگەیەندراوە.

عومەرخاگزادە ڕۆژی یەکشەممە 11ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی و ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە بنکەی دەستبەسەرکردنی ئەمنییەکانی حکوومەت له شاری ورمێ کرابوو.

ئەو هاوڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە 22ی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی حکوومەت لە نەغەدە ڕاگوێزرا و لە مانگی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

عەباس سەدیقی ڕۆژی هەینی 26ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە بنکەی دەستبەسەرکردنی ئەمنییەکانی حکوومەت ل شاری ورمێ کرابوو.

ئەو هاوڵاتییە مانگی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: