KMMK:
شارام کەرەمی دادستانی دادگای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان هەواڵی دەستبەسەری کەسێک(بە تۆمەتی بێ ڕێزی بە قاسم سلێمانی) بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، کارمەندێکی زانکۆ له پارێزگای کرماشان لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی ڕەخنەی لە زەینەب سلێمانی کچی قاسم سلێمانی گرتووە و بابەتێـکی نووسیوە کە لە لایەن دادگای حکوومەتی ئێرانەوە وەکوو سوکایەتی بە قاسم سلێمانی شوبهێنراوە و ناوبراو لە سەر داوای دادستانی حکوومەت دەستبەسەر کرا.
بە پێی لێدوانەکانی دادستانی حکوومەت؛ ئەم هەڵسووکەوتەی ئەو کارمەندە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە بووە و سکاڵای تاک لە خۆ ناگرێت.
شیاوی باسە کە، ناونیشانی کەسی دەستبەسەر کراو تا ئێستە ئاشکرا نەکراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ماوەیەک بەر لە ئێستە ڕۆژنامەوانێکی خەڵکی شاری پاوە ــیش بە تۆمەتی بێ ڕێزی بە قاسم سلێمای، فەرمانداری سپای قودسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها لە چەندد حەوتووی ڕابردوو لە شەپۆلی دەستبەسەرییە سەرەڕۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری بانەیش چوار هاوڵاتی بەم تۆمەتەوە دەستبەسەر کران.
قاسم سلێمانی 13ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کرایە ئامانج و کوژرا.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکا بە نێزیک بوونەوەی ساڵوەگەری کوژرانی ئەم فەرماندارەی سپا و بنیاتی بنگەی قاسم سلێمانی لە بیری بەڕێوەبردنی پرۆگرامێکی بەربڵاو بۆ ناوبراون کە پێشتر ئەم فەرماندارەی سپا لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بە کەسێکی وەکوو پشتیوانی تیرۆریسم ناسراوە و لە لیستەی ڕەشی دەوڵەتی ترامپ دابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان