KMMK:
یەکشەممە 23ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، مێدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەواڵی مردنی ژنێکی 26 ساڵ تەمەن بە ناوی مریەم جەعفەری خەڵکی گوندی گەهوارە ـی سەر بە داڵاهۆی پارێزگای کرماشان ـیان بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو کرایەوە کە هاوینی ئەمساڵ هەواڵی مردنی ژنێک لە ڕێی خواردنی حەبی برینج بڵاو کرابۆوە.
پاش ئەم ڕووداوە هاوژینێ کۆچکردوو بە شێوازێکی گوماناوی خۆی لە پێش چاوی گشتی شاردەوە و هەر بۆیە شیمانەکان گردبوونەوە سەری هەتا ئەوەی دەستبەسەری ناوبراوی لێکەوتەوە.
پیاوی دەستبەسەر کراو پاش لێپرسینەوە دانی بەوەدا نا لە تێهەڵچوونێکدا بە مشتەکۆڵە لێی داوە و لە سەر داوای دادوەر زیندانی کراوە.
جێگەی باسە ئەو ژنە کوژراوە و هاوژینەکەی لە ڕیستۆرانێکدا لە گوندەکەی خۆیان کاریان دەکرد.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە 22ی سەرماوەز ژنێکی 27ساڵ تەمەن بە ناونیشانی نەسرین جەلیلیان خەڵکی گوندی هەرسێم سەر بە شابادی کرماشان پاش دیاری کردنی ڕای دادگا لەمەر لێوەرگرتنەوەی مافی سەرپەرشتیاری منداڵەکەی، لە ماڵی باوکی بە خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هــێنا.
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، ماوەیەک بەر لە ئێستە دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە داوەرییەکی قیزەونەدا مافی سەرپەرشتیاری دوو منداڵە بچکۆلەکەی لێوەرگرتەوە و دایان بە مێردەکەی کە لێک جوێ ببوونەوە و هەر بەم هۆیە ناوبراو تووشی ئاڵۆزی دەروونی و خەمۆکی ببوو و لەم ڕێگەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هــێنا.
جێی ئاماژە پێدانە کە ناهەوسانی مافی سەرپەرشتیاری ژن و پیاو سەرنموونی ئاشکرای پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 74 کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردســتان لە ڕێی خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ڕێژەی ژنان لەم نێوەندە 42 کەس ڕاگەیەندراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان