KMMK:
یەک شەممە 23ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، راگەیەندرا کە کامیل ئەحمەدی، لێکۆڵەری بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن بەشی 15ی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامیەوە سزای 8 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم لێکۆڵەرە بە تۆمەتی یارمەتی وڵاتانی دژبەر تاوانبار کراوە و بەو تۆمەتەوە لەلایەن بەشی 15ی دادگەی ئینقیلابەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
کامیل ئەحمەدی ماوەی 100 رۆژ لە گرتووخانە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو، ناوبراو مافی هەبوونی پارێزەری بۆ بەرگری لەو تۆمەتانەی ناڕاستانەی کە خراوەتە پاڵی لێ زەوت کراوە.
لێکۆڵینەوەی ناوبرا لەسەر« پڕخەسارترین نەریتەکان لەسەر منداڵان لە ناوچە پەرواێز خراوەکان» وەک داتا و هۆکاری تۆمەتبارکردنی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانەوە بەکار هێنراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم لێکۆڵینەوە پرۆژەیەکی توێژەرانە بووە و ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداری ئەم بابەتە کراونەتەوە و بۆ پڕکردنەوەی سیناریۆی دژ بە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لێکۆڵەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم بابەتە وەک تاوان دەڕوانن.
هەوڵی حکوومەتی ئێران لەم دۆسیەدا ئەوەیە کە بەرگر بێت لە رودانی بەدواداچوونە زانستیەکانی ئەم لێکۆڵەرە لەسەر گرووپە نەتەوەییە و ناسیوناڵیستی.
کامیل ئەحمەدی، یەکشەممە 20ی گەلاوێژی 2719ی کوردی لەلایەن هێزە ئەمنئەتیەکانی حکوومەتی ئێران لە نێو ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو.
کامیل ئەحمەدی لەدایکبوی شاری مەهابادە و لە شاری تاران دادەنیشێت کە لە ساڵانی رابردوو لێکۆڵینەوەی لەسەر بابەتگەلێک وەک « خەتەنەی ژنان»، « منداڵ هاوسەرئ» و « هاوسەرگیری سپی» لە ئێران کردوە.
کامیل ئەحمەدی لە ساڵی 2718 بە هۆی لێکۆڵینەوە و چالاکیەکانی لەسەر خەسارگەلی کۆمەڵایەتی و پێداگری لەسەر« رەگەز»،«منداڵان» و« کەمینەکان» خەڵاتی ئەدەب و زانستی مرۆڤی ناوەندی نێودەوڵەتی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشێنگتۆنی پێبەخشرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان