ورمێ; دەستبەسەر کردنی دوو شارۆمەند لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە

KMMK:

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، دوو برا بەناوەکانی شوکر جەباروەند و کامیل جەباروەند، خەڵکی گوندی دیزەج مەرگەوەڕ سەربە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە پێی راپۆرتەکە، ئەم دوو برایە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبار کراون.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراوان بۆ ناوەندە ئەمنیەتی و دادوەریەکانی حکوومەت لە ورمێ، تا ئێستا زانیاریەکیان لەسەر دۆخ و شوێنی هێشتنەوەیان دەست نەکەوتووە.

بەپێی زانیاریەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەسەرەتای ئەمساڵی زاینیەوە تا ئێستا بە ئەژمار کردنی ئەم دوو کەسە 253 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر یاخود بەند کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان