هێزە ئەمنییەکان هاوڵاتییەکیان لە پیرانشار دەستبەسەر کرد

KMMK:

دووشەممە19ی خەزەڵوەری 2720ی کوردی، محەممەد قادری ئازەر هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.

بە گوێرەی هەواڵەکان، دەستبەسەری ئەم هاوڵاتییە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و هاوڕێ لە گەڵ توندوتیژی بووە. محەممەد قادری ئازەر 23 ساڵ تەمەن کوڕی خزر، خەڵکی گوندی ” گەزگەسک” ی سەر بە پیرانشارە.

تا ئێستە هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگیرانی ناوبڕاو نەزانراوە. بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە و سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنی و قەزاییەکان بێ وڵام ماوەتەوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 224 هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان