KMMK:
چوارشەممە 21ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی ئومێد عەباسی، خەڵکی گوندی “ئاگریقاش” سەر بە مەهاباد بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.
ئومێد عەباسی ڕێکەوتی پووشپەڕی2720ی کوردی، بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و بە تۆمەتی هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپوزیسیۆنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها بە پێی هەواڵەکە، فارووق عەزیزی باوکی محەممەد 39 ساڵ تەمە خەڵکی گوندی “بێمزەڕەتە”ی سەر بە شاری شــنۆ کە ڕۆژی دووشەممە5ی خەزەڵوەری 2720ی کوردی، پاش بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شــنۆ ئازاد کرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەمەڕ هۆکار و ئەو تۆمەتەی پێوەی لکێنراوە هیچ زانیارییەک بە دەستەوە نییە.
لە لایەکی دیکەوە، سێشەممە 20ی خەزەڵوەری 2720ی کوردی، زیندانییەکی سیاسی بە ناونیشانی” سەید ئەمیر تاهیریان” خەڵکی شاری مەهاباد کە دانیشتووی پیرانشارە، بە تێپەڕکردنی 8 مانگ لە خولی مەحکووم بوونەکەی لە زیندان مەرەخەسی پێدرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ناوباو 26ی ڕەشەمەی 2716ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی مانگێک لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای حکوومەت لە ورمێ لێپرسینەوەی لە سەر کراوە و پاشان بۆ زیندانی حکوومەت لە ورمێ ڕاگوازرابوو.
شیاوی باسە، سەید ئەمیر تاهریان ساڵی 2716ی کوردی، لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر غوڵامی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە 5 ساڵ ۆ 6 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان