KMMK:
تەرمی بنەماڵەی ( ئێران نەژاد) کە بە هۆی نوقم بونی بەلەمێکی هەڵگری پەنابەران لە کاناڵی مانش نێوان وڵاتانی فەڕانسا و بەریتانیا گیانی خۆیان لەدەست دابوو، بە هۆی یاسا بروکراسیەکانی کۆماری ئیسلامی ناردنەوەی تەرمەکانیان وەک خۆی ماوەتەوە.
بە پێی وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی گیان لەدەست داوانی سەردەشت؛ گواستنەوەی تەرمی ئەو بنەماڵە بۆ ئێران و ناشتنیان بەرەوڕووی کێشەی مادی بوەتەوە.
ئەو کەسە هەروەها وتوویە: هەموو هەوڵێک دراوە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو بنەماڵەیە بۆ ئێران. نوێنەری پەرلمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەشت لەوبارەوە وتوویە؛ بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەم بنەماڵەیە 300 ملوێن تمەن پارە پێویستە کە بنەماڵەی ( ئێران نەژاد) ئەم بڕە پارەیان پێ هەڵناسووڕێت.
لەرۆژانی رابردوودا رەسوڵ ئێران نەژاد و هاوسەرەکەی، شیوا موحەمەد پەناهی و دوو منداڵەکەیان ئانیتا 9 ساڵان و ئارمین 6 ساڵان لە کاتی تێپەڕاندنی سنوری ئاوی نێوان دوو وڵاتی فەڕانسا و بەریتانیا لە بەلەمێکدا نوقم بون و گیانیان لەدەست دا .
منداڵی 15 مانگانەی ئەم بنەماڵەیە بەناوی ئارتین لەگەڵ دوو کەسی تر بە ناوەکانی یۆسف خزری 32 ساڵان خەڵکی گوندی گرویسی سەردەشت و شۆڕش سوری 38 ساڵان خەڵکی گوندی مارەغاتی سەردەشت تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان