ورمێ: مانگرتن لە خواردنی سێ زیندانی پاش پەلامار و لێدان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە

KMMK:

سێشەممە6ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی بەهادین و داوود قاسم زادە خەڵکی سەڵماس و ئارەش عەلیزادە لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ئێران لە ورمێ بەر پەلامار و لێدان کەوتن.
بەهادین قاسم زادە کە گومانی ئەوەی هەیە کرۆنای تووش بووبێت داوا لە بەرپرسانی زیندان دەکات تێستی کرۆنای لێبگرن بۆیە ڕووبەڕووی گرنگی پێدانی بەرپرسان دەبێتەوە و ئەوانیش وەکوو دژکردەوە بەرانبەر بە بەرپرسان بەشێک لە بەند ئاگر تێبەردەدەن.
هەمزە بروجنی بەڕێوەبەری گشتی سازمانی زیندانەکان لە پارێزگای ورمێ داوا دەکات ئەم زیندانییانە بۆ ژووری تاکەکەسی بگوازرێنەوە. بەڵام بە هۆی بەرگری کردنی ئەم زیندانیانە، ڕایەدارانی گاڕدی زیندان لە بەرانبەر بەرپرسی گشتی و کەربەلایی بەرپرسی پاراستنی سازمان، ئەو زیندانیانە بە باتۆم و شۆکێر بە گرانی دەدەنە بەر پەلامار و کەلەبچە و پاوەنیان لێدەدەن و بۆ ژووری تاکەکەسی دەیان گوازنەوە.
بەهادین قاسم زادە و ئارەش عەلیزادە پاش کوتەک و لێدان بە کەلەبچە و پاوەند بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرانەوە. لەم تێهەڵچوونە” داوود قاسم زادە” کە پێی ئیفلیجە کوتەک و لێدانی زۆری بەرکەوتووە و پێیەکانی بە تەواوی ڕەش بوونەتەوە و هێشتا لە بێهداری کەوتووە.
برایانی قاسم زادە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوویش دوابەدوای ناڕەزایی دەربڕینی بەهادین قاسم زادە بەرانبەر بە ڕەوشتی براکەی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی کوتەک و لێدانیانی زۆریان بەرکەوتبوو.

داوود قاسم زادە پێشووتر بە هۆکاری خەسار بەرکەوتنی بڕبڕەی پشتی و دۆخی خراپی زیندا پێی تووشی کێم ببوو و دوابەدوای ڕێگری کردنی بەرپرسانی زیندا لە ناردنە دەرەوەی بۆ ناوەندی دەرمانی و هەڵپەساردراوی درێژ ماوە، هاوڕێ لە گەڵ براکەی لە نامەیەکدا داوا لە بەرپرسی زیندان دەکەن حوکمی ئێعدامەکەیان جێبەجێ بکەن یان داواکارییەکەیان بەجێ بێنن.

جێی بیرهێنانەوەیە کە “داوود و بەهادین قاسم زادە” لە ساڵی 2708ی کوردی، بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس لە تێهەڵچوونێکی خێڵی دا دەستبەسەر کران. “بەهادین لە کاتی دەستبەسەری 17 ساڵ تەمەنی بوو و لە ساڵی 2709ی کوردی لە دادگا تۆمەتی کوشتنی هەر دوو کەسی لە ئەستۆ گرت. هەر لەو ڕۆژەدا پاش چوونەدەرەوەی لە دادگا لە دەستی هێزەکانی زیندان هەڵهات و دەربازی باشووری کوردستان بوو.
پاش دەرچوونی ناوبراو هێزە ئەمنییەکان خوشک، دایک و براکەی دیکەیان دەستبەسەر و بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ گواسترانەوە و داوای گەڕانەوەی بەهادین،یان لە پێناو ئازاد کردنی بنەماڵەکەیان کرد. بەهادین پاش مانگێک خۆی ڕادەستی دامەزرەوە دەوڵەتییەکان کرد. لەو ماوەیە بە هۆی کوتەک و لێدانی قورس، داوود قاسم زادە تووشی خەساری گران لە بڕەبڕەی پشتی هات.

شیاوی باسه کە «ئارەش عەلی زادە» بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان خەریکی تێپەڕاندنی پێنجەمین ساڵ لە ڕادەی مەحکووم بوونی 7 ساڵەی خۆیدایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان